Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوا دەکات ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکەی مانهاتن لە سێدارە بدرێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای کرد ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکەی نیویۆرک کە بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس لە سێدارە بدرێت، ئەنجامدەری هێرشەکەش پەنابەرێکی ئۆزبەکییە و بە تیرۆریست ناودێری کرد.

لێکۆڵەرەوەکان لێپێچینەوەیان لە سەیفوڵا سایبۆڤی تەمەن 29 ساڵ کرد کە دوای ئەوەی پۆلیس تەقەی لێکرد بردیان بۆ نەخۆشخانە و دەستگیریان کرد. بەپێی ئەو داوایەی لەدژی بەرزکراوەتەوە سایبۆڤ بە لێکۆڵەرەوانی وت دوای ئەوەی سەیری گرتە ڤیدیۆکانی داعشی کردووەبیرۆکەی هێرشە تیرۆریستییەکەی بۆ هاتووە و دەستی کردووە بە پلاندانان بۆ هێرشەکە کە ڕۆژی سێشەممە ڕوویدا.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی " تیرۆریستەکەی نیویۆرک خۆشحاڵ بووە و داوای بەرزکردنەوەی ئاڵای داعشی کردووە لە ژوورەکەی لە نەخۆشخانە. هەشت کەسی کوشتووە و 12کەسی دیکەی بە سەختی بریندارکردووە. دەبێت لە سێدارە بدرێت."

تۆمەتەکان ئاڕاستەی سایبۆڤ کران کە پەنابەرێکی ئۆزبەکییە و لە ویلایەتی نیوجێرزی دەژی، بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانی ماددی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی کردووە بەدیاریکراوی ڕێکخراوی داعش، هەروەها بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و کوشتنی هەشت کەس بە ئوتومبێلەکەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG