Accessibility links

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی ڕوسیا ئەندامانی کۆنگرێس نیگەران دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆمەڵێک تویتی بڵاوکردەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پەیوەندیی نێوان کەمپینی هەڵبژاردنەکەی و ڕوسیا، ئەوەش ئەندامانی کۆنگرێسی بە کۆماری و دیموکراتەکانەوە خستە نیگەرانییەکی زۆرەوە و یەکێک لە سیناتۆری کۆمارییەکان لینزی گراهام وتی سەرۆک ترامپ لەوانەیە بچێتە ناو ناوچەیەکی مەترسیدارەوە بەوەی لێدوان دەدات لەسەر لێکۆڵینەوەکان.

گراهام لە بەرنامەی Face The Nationی کەناڵێ سی بێ ئێسدا وتی " دەمەوێت بە سەرۆک بڵێم کە لێکۆڵینەوەیەکی تاوان هەیە."

وتیشی " بڵاوکردنەوەی ئەو تویت و لێدوانانە لەسەر لێکۆڵینەوەکان مەترسیدارە."

بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسییویەتی هەرگیز داوای لە بەڕێوبەری پێشووی دەزگای لێکۆڵینەوە فیدڕاڵی جەیمس کۆمی نەکردووە کە واز لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشوو مایکڵ فڵن بهێنێت و ئەوەش لەگەڵ چیرۆکەکەی کۆمیدا یەک ناگرێتەوە.

لەلای خۆشیەوە کۆمی تویتەری بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی وتەیەکی خۆی لە گەواهیدانەکەی مانگی شەشدا و دەڵێت " دەمەوێت خەڵکی ئەمەریکا ڕاستیەکە بزانن، ئێف بی ئای ڕاستگۆیە. ئێف بی ئای بەهێزە، ئێف بی ئای سەربەخۆیە و هەمیشەش بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە."

بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە هەمان شێوە پشتیوانیان لە ئێف بی ئای کرد دوای لێدوانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی سەرۆک ترامپ.

جێگری دادوەری گشتی پێشوو جەنەڕاڵ سالی ێتس وتی " تاکە شت کە دڕاو بێت ڕێزی ترامپە بۆ یاسا و ئەو پیاو و ئافرەتانەی کە لە ئێف بی ئای کاردەکەن شایەنی باشترن."

سەرۆک ترامپ نوسیویەتی " ناچار بووم جەنەڕاڵ فڵن لەکارەکەی دووربخەمەوە چونکە درۆی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیدا کردبوو."

بە هەما شێوە لە تویتێکی تردا سەرۆک ترامپ هێرش دەکاتە سەر ئێف بی ئای و دەڵێت " دوای چەند ساڵێک لە کۆمی و لێکۆڵینەوە ساختەکەی ئێف بی ئای لەسەر کلینتن، ناوبانگی ئێف بی ئای لکەدارکراوە، بەڵام مەترسن دەیگەڕێنینەوە بۆ مەزنێتییەکەی."

سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ سیناتۆری کۆمارییەکان سوسان کۆڵنس وتی " سەرۆک پێوێستی نەدەکرد لێدوان لەسەر هیچ کام لەم شتانە بدات، تاکە شت کە دەبێت سەرۆک بیکات ئەوەیە فەرمان بە هەموو ستاف و ڕاوێژکارەکانی بدات کە هاوکاری تەواوی لێکۆڵینەوەکان بن."

هەندێک لە یاسا ناسان و هەندێکیش لە ئەندامانی کۆنگرێس لە دیموکراتەکان دەڵێن ئەگەر سەرۆک ترامپ زانیبێتی فڵن درۆی لەگەڵ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیدا کردووە و دواتر فشاری خستۆتە سەر جەمیس کۆمی تا واز لە لێکۆڵینەوەکانی سەر فڵن بهێنێت، کەواتە ئەوە بە بەربەست دانان لەبەردەم یاسادا هەژمار دەکرێت.

XS
SM
MD
LG