Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕەنگە پەنابەرێت بۆ دادگای باڵا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانە نوێیەکەی


سەرۆک دانۆڵد ترامپ پەیمانی دا پەنابەرێت بۆ دادگای باڵای وڵاتەکەی ئەگەر پێویست بکات، دوای ئەوەی دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی هاوایی بڕیارە نوێـیەکەی بۆ قەدەغەی کاتی گەشتکردنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ ئەمەریکا ڕاگرت لە پێش چەند کاژمێرێک لەوەی پچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

دێریک واتسن دادوەر لە ویلایەتی هاوایی نووسیویەتی پارێزەرانی نوێنەرایەتی ویلایەتەکەی دەکەن بۆیان سەلماندووە " ئەگەر داواکەیان بۆ ڕاگرتنی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ پەسەند نەکرێت ئەوە شیانی هەیە زیانێکی لێ بکەوێتەوە کە چاک نەکرێتەوە."

چەند کاژمێرێک دوای ئەوەی دادورەکە بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی فەرمانە نوێـیەکەی سەرۆکی ئەمەریکای دا، سەرۆک ترامپ لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی بە لایەنگرانی وت " مەترسییەکە ڕوونە، یاساکە ڕوونە، فەرمانە سەرۆکایەتیەکەی من بۆچی پێویستە ڕوونە." وتیشی دەسەڵاتی هەیە بۆ پاراستنی خەڵکی ئەمەریکا بڕیار بدات کێن ئەوانەی بۆیان هە بێنە ناو وڵاتەکەوە.

سەرۆک ترامپ دادگای ئەمەریکی لە هاوایی تۆمەتبارکرد بە بەزاندنی سنووری دەسەڵاتی دادوەری خۆی بە شێوەیەکی بێ وێنە و وتی " هەتا چەند پێویست بکات کەیسەکەمان دەبەین."

ناڕەزاییەکەی ویلایەتی هاوایی لەسەر قەدەغە کاتییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ گەشتکردن و وەرگرتنی کۆچبەری شەش وڵاتی زۆرینە موسڵمان ئەوەیە، شیانی هەیە زیان بە کەرتی گەشتیاری بگەیەنێت کە خەڵکی هاوایی بۆ ئابورییەکەیان زۆر پشتی پێ دەبەستن. هەروەها ئەم ویلایەتە دەڵێت دانیشتووانە موسڵمانەکەی ئەوانەی کەسوکاریان هەیە لەو شەش وڵاتەی قەدەغەکە دەیانگرێتەوە (ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سوریا و یەمەن) ڕەنگە دووچاری مەینەتی ببن بەوەی نەتوانن سەردان بکەن.

دەگ چین داواکاری گشتی هاوایی
دەگ چین داواکاری گشتی هاوایی

دەگ چین داواکاری گشتی هاوایی وتی پارێزەرەکان بۆیان سەلماندووە فەرمانی قەدەغەکردنەکەی سەرۆک ترامپ ڕق و کینەی بەرامبەر ئاینێک پیشان داوە، وتی ئەمە فەرمانێکی نادەستوریـیە. هەروەها وتی براوەکان لەم بڕیارەی ئەمڕۆیان منداڵان و نەوەی داهاتوون.

بە لایەنی کەم شەش ویلایەت سکاڵایان پێشکەشکردووە بۆ ڕاگرتنی فەرمانە نوێـیەکەی سەرۆک ترامپ.

بۆب فێرگسن داواکاری گشتی ویلایەتی واشنتن وتی فەرمانە نوێیەکەی سەرۆک ترامپ زیان بە دانیشتوان و زانکۆکان و کارداران دەگەیەنێت، بە تایبەتی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا وەکو مایکرۆسۆفت و ئەمەزۆن کە بارەگاکانیان لە ویلایەتی واشنتنە و پشتیان بە کارمەندانی بیانی بەستووە.

هەروەها ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و مێریلاند و ماساچوسێتس و نیویۆرک و ئۆریگن ئەوانیش هەمان سکاڵای خۆیان کردووە.

هەردوو ویلایەتی واشنتن و هاوایی دەشڵێن فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ ئەو بڕکەیەی دەستور پێشێل دەکات کە دەڵێت نابێت حکومەت هیچ ئاینێک بخاتە پێش یان دوای ئاینەکانی تر. دەڵێن بە تایبەتی لەم خاڵە فەرمانە نوێـیەکە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کۆنەکەدا نییە.

لە ویلایەتی مێریلاند پارێزەران ناڕەزاییان بەرامبەر فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ دەربڕی و دەڵێن جیاکاری بەرامبەر موسڵمانان تێدایە، هەروەها دەڵێن بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بۆیان هەیە بێنە ئەمەریکاوە لە 110 هەزارەوە بۆ 50 هەزار کارێکی نایاسایی یە.

بەڵام پارێزەرانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێن فەرمانە نوێیەکەی سەرۆک ترامپ هیچ شتێک لە بارەی ئاینەوە ناڵێت و بۆ جیاکاری لە دژی هیچ ئاینێک دانەنراوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG