Accessibility links

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەردا لە ئەمەریکا 100 کەس برینداربوون


دوو شەمەندەفەر لە نزیک پایتەختی ویلایەتی ساوث کارۆلاینای ئەمەریکا بەریەککەوتن، یەکێک لە شەمەندەفەرەکان سەر بە کۆمپانیای ئەمتراک بووە و ئەوی دیکەیان شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر بووە و سەر بە کۆمپانیای سی ئێس ئێکسە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و نزیکەی 116 کەسی دیکە برینداربوون.

کۆمپانیای ئەمتراک لە بەیاننامەیەکدا وتی شەمەندەفەرەکە 136 سەرنشینی تێدابووە لەگەڵ نۆ کارمەنددا و لە نیویۆرکەوە بەرەو مەیامی بەڕێکەوتووە کاتێک بەر شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر کەوتووە لە کاتژمێر 2:35 خولەکی بەیانییدا بە کاتی خۆجێی و لە ئاڕاستەکەی خۆی دەرچووە.

وێنەکانی ڕووداوەکە لە شاری کایس لە ساوث کارۆلاینا پیشانی دەدەن بەشێکی شەمەندەفەرەکە لەلایەکەوە کەوتووە و لەسەر هێڵی شەمەندەفەرەکە نەماوە. چوار فارگۆنی شەمەندەفەری بارهەڵگرەکەش تێکشکاون.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن نزیکەی 5 هەزار گاڵۆن بەنزین ڕژاوە لە ئەنجامی بەریەککەوتنەکەدا.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتەکە وتی " بریندارەکان شکان و برینداری قورسیان تێدایە. هەموو بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان."

ئۆفیسی سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی لیکسینگتنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی بەرپرسان هەموو سەرنشینەکانیان بۆ خوێندنگەیەکی ئەو نزیکانە گواستۆتەوە و کەس لە شەمەندەفەرەکەدا نەماوە و ئێستا لە لایەن خاچی سوورەوە یارمەتیان پێشکەش دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG