Accessibility links

دوای هێرشەکەی سەر کازمی جەنەڕاڵێکی باڵای ئێران سەردانی عێراقی کردووە


دوو بەرپرسی سیاسی عێراق ئاماژەیان بەوەدا دوابەدوای هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیری عێراق جەنەڕاڵێکی باڵای ئێران سەردانی عێراقی کردووە و وتوویەتی تاران و هاوپەیمانەکانی هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە بە هێرشەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەوە.

هەواڵی سەردانەکەی جەنەڕاڵەکەی ئێران بۆ عێراق دوای ئەوە ئاشکرا کرا کە جەنەڕاڵێکی سوپای عێراق وتی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشەکەی سەر سەرۆک وەزیری عێراق موستەفا کازمی بەردەوامن، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن گروپێکی سەر بە ئێران ئەو هێرشەی ئەنجامدابێت. جەنەڕاڵەکەی سوپای عێراق وتی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای بەغدادەوە هاتوون کە گروپەکانی سەر بە ئێران باڵادەستن تیایاندا.

جەنەڕاڵەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بەکارهاتوون هاوشێوەی ئەو فڕۆکانە بوون کە پێشتر بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەکارهاتوون.

لەلایەکی دیکەشەوە دوو بەرپرسە سیاسییەکەی شیعەکان داوایان کرد ناویان ئاشکرا نەکەن چونکە سەردانەکەی جەنەڕاڵی باڵای ئێران ئیسماعیل غانی بۆ عێراق پێشتر ڕانەگەیەندراوە. لە زاری جەنەڕاڵەکەوە وتیان تاران دژایەتی هیچ سیاسییەک ناکات کە لەلایەن شیعەکانەوە دەستنیشان بکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیری عێراق.

غانی فەرماندەی هێزەکانی قودسە، کە زیاتر بەرپرسە لە چالاکیە سەربازییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵاتەکە.

دوو بەرپرسەکە لە زاری غانیەوە بڵاوییان کردەوە " ئێران هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نەبووە." یەکێک لە بەرپرسەکان وتی ڕۆژی یەکشەممە غانی لەگەڵ کازمیدا لە بەغداد کۆبۆتەوە.

کەناڵی ئەل مەناری لوبنانی کە لەلایەن حیزبوڵای سەر بە ئێرانەوە بەڕێوبەرایەتی دەکرێت، وتی غانی لەگەڵ سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح و کەسایەتیە سیاسییەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا کۆبۆتەوە.

کەناڵەکە لە زاری غانیەوە بڵاویکردەوە " عێراق پێویستی بە هێورکردنەوەیەکی بەپەلە هەیە." ئاماژەشی بەوەدا غانی وتووشیەتی هەر کارێک کە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق، نابێت ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG