Accessibility links

کۆشکی سپی: کات گونجاو نیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا


بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی ناکرێت گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکووردا بکرێت هەتاوەکوو ڕەفتارەکانی بەتەواوەتی نەگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەوە هات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن وتی ئەمەریکا ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت لە هەرکاتێکدا بێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیۆنگیانگدا ئەنجام بدات.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وتی " بەهۆی ئەو تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکوور ئەنجامی داون، ڕوون و ئاشکرایە کە ئێستا کاتەکە گونجاو نیە بۆ گفتوگۆکردن."

جێی یاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن ڕۆژی سێشەممە وتی " ئەمەریکا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکووردا بکات، ئێمەش ئامادەین یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدەین بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت."

لەلای خۆشیانەوە هەریەک لە چین و ڕوسیا پێشوازییان لە لێدوانەکەی ڕێکس تیلەرسن کرد سەبارەت بەوەی ئەمەریکا ئامادەیە بە هیچ مەرجێکی پێشوەخت گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکووردا بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لو کانگ وتی وڵاتەکەی پێشوازیی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.

لە ڕوسیاش دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا سێرجی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕوسیا پێشوازی لە لێدوانەکەی تیلەرسن دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG