Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: تیلەرسن سەردانی فلیپین و تایلاند و مالیزیا دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لە نێوان ڕۆژانی پێنج و نۆی مانگی هەشتدا سەردانی فیلیپین و تایلاند و مالیزیا دەکات.

وتیشی تیلەرسن بەشداری لە کۆبوونەوەکانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات لە مانێلا و باس لە کێشەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا و ئاسایشی دەریایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات.

لە تایلاندیش تیلەرسن سەرەخۆشی خۆی لە مردنی پاشا بۆمبیۆن ئۆدۆلیادیج دەکات کە لە ساڵی 2016 دا مردووە و لەگەڵ بەرپرسانی تایلانیدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تایلاند دەکات. لە مالیزیاش بە هەمان شێوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەکات.

وەزارەتەکە وتی " گەشتەکەی وەزیر تیلەرسن دڵنیایی لەوە دەداتەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا گرنگی بە فراوانکردن و باشکردنی بەرژەوەندییە دارایی و ئەمنیەکانی ئەمەریکا لە ئاسیا و زەریای هێمن دەدات."

ڕێکس تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەلای خۆیەوە وتی لە هەفتەی داهاتوودا لە مانێلا چاوی بە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ دەکەوێت، ئەمەش یەکەم چاوپێکەوتنیانە دوای ئەوەی ڕوسیا بڕیاریدا ژمارەی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕوسیا کەم بکرێتەوە.

تیلەرسن وتی بە تەلەفون قسەی لەگەڵ لاڤرۆڤدا کردووە و لە هەفتەی داهاتوودا لەمیانەی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا چاویان بەیەک دەکەوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG