Accessibility links

تیلەرسن هەوڵدەدات پابەندبوونی ئەمەریکا و میسڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهێزتر بکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن

بەهۆی سەردانەکەی ئەمدواییەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنسەوە بۆ میسڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن دەیەوێت پابەندبوونی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و میسڕ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەهێزتر بکات.

تیلەرسن ئێستا لە میسڕە و دەستی کردووە بە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای میسڕ سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئەردەن و تورکیا و لوبنان و کوەیت دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن چاوی بە سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی و وەزیری دەرەوەی میسڕ سامیح شوکری دەکەوێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە ئەمنییەکانی لیبیا و سوریا و هەروەها باس لە کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیش دەکەن.

بەپێی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا تیلەرسنلە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا فشار دەخاتە سەر ئەنقەرە تاوەکو ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانە ئازاد بکرێن کە لەوێ دەستگیرکراون و هەروەها داواشی لێبکات کە دان بەخۆیاندا بگرن لەو ئەرکە سەربازییەدا کە لە باکووری سوریا دەستی پێکردووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " لە کاتێکی لەمشێوەیەدا، گفتوگۆکردن لە هەموو شتێک گرنگترە. گفتوگۆکردنێکی زۆر قورس دەبێت."

هەروەها وتیشی " سەیرکە، قورسە. لێدوانەکان توندن، تورکەکان توڕەن و ئێستا کاتێکی زۆر قورسە بۆ کارکردن، بەڵام ئەوە باوەڕی ئێمەیە کە هێشتا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر گرنگ هەن لەنێوانماندا."

هەروەها لە ئەردەنیش تیلەرسن چاوی بە سەرکردایەتی ئەردەن دەکەوێت و باس لە کێشەکانی ناوچەکە دەکەن، لەوانەش قەیرانە بەردەوامەکەی سوریا و هاوکارییەکانی ئەردەن بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لوبنانیش تیلەرسن چاوی بە سەرۆکی لوبنان میشاڵ عەون و سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری و سەرۆکی پەرلەمان نەبیح بێری دەکەوێت بۆ جەخت کردنەوە لەسەر پشتیوانی ئەمەریکا بۆ گەلی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی لوبنان.

هەروەها لە کوەیت ڕێکس تیلەرسن سەرۆکایەتی شاندێک دەکات لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی 74 وڵاتی هاوپەیمان دژی داعش. هەروەها لە عێراقیش بەشداری لە کۆنفرانسی دووبارە بنیادنانەوەی عێراق دەکات، کە ئەمەش یەکەمین کۆنفرانسە لەو جۆرە دوای شکستپێهێنانی داعش لە عێراق و سوریا.

کۆنفرانسە سێ ڕۆژییەکە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق دەردەخات.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG