Accessibility links

تیلەرسن: پلانی ئاشتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوودایە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەردەن وتی پلانە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئێستا بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا کاری لەسەر دەکات گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووەوە و سەرۆک ترامپ بڕیار دەدات کەی ڕایبگەیەنێت.

تیلەرسن پاکێجی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەردەنی واژۆ کرد بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەردەن هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتنە لە ناوچەکەدا، سەرەڕای هەڕەشەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەوەی یارمەتییەکان بۆ ئەو وڵاتانە دەوەستێنێت کە دژی بڕیارەکەی دەوەستنەوە سەبارەت بە قودس.

تیلەرسن لەبارەی پلانی ئاشتیەوە وتی " پلانەکەم بینیوە، چەند مانگێکە ئیشی لەسەر دەکرێت، خۆم ڕاوێژم لەگەڵدا کردوون سەبارەت بە پلانەکە و ئەو بوارانەم دیاریکردووە کە هەست دەکەین پێویستە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت."

وتیشی " پێم وایە بڕیاردان لەسەر پێشنیارکردنی پلانەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک، ئەویش لەکاتێکدا کە هەست بکات کاتەکەی گونجاوە و ئامادەیە بۆ پێشنیارکردنی. من دەڵێم پلانەکە لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوودایە."

جێی ئاماژەیە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەو سیاسەتەی ئەمەریکا کشایەوە کە دەیان ساڵە پەیڕەوی دەکات سەبارەت بە کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل و قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند، هەروەها وتیشی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس.

ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباسی ناچارکرد ڕایبگەیەنێت کە چیتر هاریکاری ئەمەریکا ناکات وەکو نێوەندگیرێک لە کێشەکانی فەڵەستین و ئیسڕائیلدا.

سەرۆک ترامپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە یارمەتییەکان بۆ ئەو وڵاتانە ڕادەگرێت کە پشتیوانیان لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە تیایدا داوایان لە ئەمەریکا کرد لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە، ئەردەنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە بڕیارەکەی نەوەتە یەکگرتووەکان کرد.

تیلەرسن و وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی نوسراوی لەیەک تێگەیشتنیان مۆر کرد سەبارەت بە یارمەتییەکان کە بڕەکەی دەگاتە 6.375 ملیار دۆلار.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " نوسراوی لەیەک تێگەیشتنەکە جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگە دەکاتەوە کە ئەردەن هەیەتی لە یارمەتیدان و پاراستنی سەقامگیری هەرێمەکە و پشتیوانی لە ئامانجەکانی ئەمەریکا دەکات لەوانەش ئەرکی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش و هاریکاریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی دارایی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG