Accessibility links

لە بڕۆکسل، تیلەرسن پشتیوانیی بەهێزی ئەمەریکای پێشکەشی یەکێتی ئەوروپا کرد


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن پشتیوانیەکی بەهێزی ئەمەریکای پێشکەشی یەکێتی ئەوروپا کرد کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل کۆبۆوە.

تیلەرسن وتی " پێم وایە وەکوو هەمووان دەزانن هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ماوەیەکی زۆر درێژە وەکو خۆی ماوەتەوە، هاوبەشییەکە بەندە بە بەها هاوبەشەکانەوە هەروەها بەندە بە ئامانجە هاوبەشەکانی نێوانمانەوە سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری لە هەردوو لاکەی زەریای هێمنەوە، هەر پابەندیش دەبێن پێوەی."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن و بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی باسیان لە ڕێکەوتننامە ناوەکییەکەی ئێران و هەڕەشە ناوەکیەکەی کۆریای باکوور و هاریکارییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرد.

تیلەرسن وتی " ئامانجی هاوبەشمان بەدیاریکراوی لە شکست پێهێنانی داعشدا گرنگە، بەڵام نەک تەنها لە عێراق و سوریادا بەڵکو لەناوبردنی داعش لە هەموو جیهاندا، وە بەدڵنیاییەوە ئەنجامی خەلافەتی داعش و کردەوە تیرۆرسیتییەکانیانمان بینی لە عێراق و سوریادا ئەنجامیاندا، کە ئێستا وا بەرەو کۆتایی دەچێت."

تیلەرسن سەبارەت بە ئێران وتی " ئێمە ئاگاداری کاریگەرییەکانی ئێرانین لە ناجێگیریکردنی ناوچەکەدا بە پێدانی چەک و ناردنی میلیشیاکان بۆ سوریا و پشتیوانیکردنی بەردەوامی لە حیزبوڵا کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە، ئەم کێشە و چالاکییانەی ئێران ناکرێت پشت گوێ بخرێت، ناشکرێت بەبێ وەڵامدانەوە بەسەرماندا بڕوات و ئێمە بەنیازین بەردەوام بین لە کارەکانمان بۆ ئەوەی بۆ ئێرانی ڕوون بکەینەوە کە ئەم کارانە جێی قبوڵ کردن نین بۆ ئێمە."

لەلای خۆیەوە موگیرینی وتی یەکێتی ئەوروپا ئارەزوومەندە لەنزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە بەردەوامیی سەپاندنی سزاکان کار بکات.

وتی " بڕیاردرا کە بابەتی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە تەنها پەیوەندی هەبێت بە بەرنامە ناوەکییەکەوە، هەروەها ئەوە شتێکی ژیرانە نیە ڕێکەوتنەکە هەڵبوەشێنرێتەوە کە دەزگای ناوەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردووە. "

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG