Accessibility links

تیلەرسن فشار دەخاتە سەر سەرکردەی سوپای میانمار بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان دژی ڕۆهینجیا


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن جەخت لەسەر پێویستی وەستاندنی توندوتیژییەکانی ناو ویلایەتی ڕاخین دەکاتەوە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرکردەی سوپای میانمار لە هەوڵیدا بۆ هێورکردنەوە قەیرانی پەنابەرانی ڕۆهینجیا.

جێی ئاماژەیە زیاتر لە 600 هەزار موسوڵمانی ڕۆهینجیا لە کۆتایی مانگی هەشتەوە هەڵهاتوون بۆ بەنگلادیش دوای ئەوەی سوپای میانمار کەمپینێکی سەربازیی دەستپێکرد دژی توندڕەوانی ویلایەتی ڕاخین.

تیلەرسن لەمیانەی بەشداریکردنیدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە مانیلا لەگەڵ ڕابەری میانمار ئۆنگ سان سو کیدا کۆبۆووە کە دەسەڵاتی حکومەتەکەی لەگەڵ سوپادا دابەش کراوە و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر سوپادا نیە.

جارێکی دیکە تیلەرسن لە نایپیداوی پایتەختی میانمار لەگەڵ سو کیدا کۆدەبێتەوە و هەروەها لەگەڵ سەرکردەی سوپای میانمار جەنەڕاڵ مین ئۆنگ هڵینگیشدا کۆدەبێتەوە.

کاتێک سەبارەت بەو بەرنامەیەی تیلەرسن پەیڕەوی پێدەکات لەگەڵ سەرکردەی سوپای میانماردا پرسیاری لێکرا، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئێمە گرنگی دەدەین بە گەڕاندنەوە ئاشتی بۆ ڕاخین.

ئەو بەرپرسەی کە لەگەڵ تیلەرسندا بوو لە مانێلا و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی " ئێمە گرنگی دەدەین بە گەڕاندنەوە سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکانی باکووری ڕاخیندا بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەوێ و هەوڵ دەدەین توندوتیژییەکان نەهێڵین و دڵنیا ببینەوە لەوەی سوپا پارێزگاری لە هەموو دانیشتوانی ناوچەکە بە شێوەیەکی یەکسان دەکات و لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام دەدات سەبارەت بەو کەسانەی کە مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG