Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی بەغدا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەمەش پاش گەڕانەوەی لە سەردانێکی هاوشێوە لە ئەفغانستان.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەفغانستانەوە بەرەو قەتەر گەڕایەوە و لەوێوە ڕووی لە عێراق کرد و بۆ جاری دووەم لە ماوەی چەند ڕۆژێـکدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کۆبووەوە. بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس بڕیارە لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراقیش کۆبـبێتەوە.

پـێشبینی دەکرێت وتووێژەکان زیاتر تایبەتبن بە پـرسی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان و ئاکامەکانی و هەروەها بوونی میلیشای ئێرانی لە عێراقدا.

تیلەرسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دۆحە گوتی " ئێمە پشتیوانیمان لە ڕیفراندۆمی کوردی بۆ سەربەخۆیی نەکردووە."

گوتیشی ئەوان پـێـیانوایە کاتی ئەوە نیـیە، چونکە هێشتا شەڕی دژی داعش بەردەوامە. بەڵام جەختی لەوە کرد عەبادی پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کورد. پاشان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن.

باسی لەوەش کرد بە توندی هەردوو لایانی هانداوە دەستوری عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکەن. گوتی کورد پـێیوایە ژمارەیەک لە مافەکانی بەپـێی دەستور پـێیان نەدراوە.

هیواشی خواست کورد لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی بنیادنەرانە کاربکات تاوەکو دەستور بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. گوتیشی پـێیوایە بەم ڕێگەیە زۆرێک لە نیگەرانیـیەکانی کورد دەڕەوێنـنەوە.

XS
SM
MD
LG