Accessibility links

عەبادی لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەرگری لە ڕۆڵی حەشدی شەعبی دەکات


سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسندا لە بەغداد بەرگری لە ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغداد چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی داواکەی تیلەرسنیان ڕەت کردەوە کە داوای کردبوو ئەو چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تیلەرسندا عەبادی وتی " حەشدی شەعبی هێزێکی دامەزراوەی فەڕمیە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا." و ڕەتی کردەوە لەجیاتی ئێران کار بکات.

عەبادی وتی " دەبێت هانی چەکدارانی حەشد بدەین چونکە ئەوان دەبنە هیوای ناوچەکە و وڵاتەکە."

جێی ئاماژەیە عێراق یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە پەیوەندییەکی پتەوی هەیە لەگەڵ ئەمەریکا و ئێرانیشدا و وادەردەکەوێت هەوڵەکانی تیلەرسن بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و تاران دەرەنجامی پێچەوانەی لێکەوتبێتەوە و بووە هۆی ئەوەی بەیاننامەیەکی توند لەلایەن ئۆفیسی حەیدەر عەبادییەوە دەربچێت.

سەردانەکەی تیلەرسن ڕۆژێک دوای کۆبوونەوە دەگمەنەکەی بوو لەگەڵ پاشای سعودیە و عەبادییدا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە.

لەمیانەی ئەو کۆبوونەوەیەدا تیلەرسن داوای لە عێراق کرد کاری ئەو هۆزانە ڕابگرێت کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و یارمەتی هێزەکانی حکومەت دەدەن لە شەڕیاندا دژی داعش.

هەروەها لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی لە بەغداد تیلەرسن داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن سەبارەت بە چارەنووسی کوردەکان و ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان لەڕێی گفتوگۆکردنەوە.

تیلەرسن وتی " ئێمە نیگەرانین و هەست بە ناخۆشی دەکەین، لە بەغداد هاوڕێمان هەیە و لە ئەربیلیش بە هەمان شێوەی هاوڕێمان هەیە و هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بچنە ناو گفتوگۆکردنەوە، گفتوگۆکردن دەتوانێت هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG