Accessibility links

هێزەکانی تیگرای کشانەوەیان لە هەرێمەکانی ئافار و ئامهارا ڕادەگەیەنن


دوای چەند مانگێک لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیادا، هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەڵێن هێزەکانیان بۆ هەرێمی تیگرای دەکشێننەوە.

دوای ئەوەی حکومەتی ئیسیوپیا ئاگربەستێکی تاکلایەنانەی لە مانگی شەشدا ڕاگەیاند، هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای چوونە ناو هەرێمەکانی ئامهارا و ئافاری دراوسێی تیگرایەوە.

وتەبێژی هێزەکانی تیگرای گیتاچیو ڕیدا بە ڕۆیتەرزی وت بڕیارەکە بۆ ئەوەیە ڕێگە خۆشبکرێت لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تاوەکو کارێک بکەن سەبارەت بە ڕەوشی تیگرای، هەروەها بۆ ئەوەشە حکومەتی ئیسیوپیا چیتر پێشڕەوییەکانی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای لە ئامهارا و ئافار وەکو پۆزشێک بەکارنەهێنێت بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەتی ئیسیوپیا لێدوانیان لەسەر بابەتەکە نەداوە، بەڵام وەزیری خزمەتگوزاری پەیوەندییەکانی حکومەت باسی لە پێشڕەوییەکانی هێزەکانی حکومەت کرد لە ناوچەی نۆرث وۆلۆی هەرێمی ئامهارا.

لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕابەری هەرێمی تیگرای دیبریتشن گیبریمایکڵ چەند داواکارییەکی کرد. داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گەمارۆی چەک بۆ سەر ئیسیوپیا و ئیریتریاش پتەوتر بکەن، هەروەها داوای کرد ڕێگە نەدرێت فڕۆکە بەسەر ئاسمانی تیگرایدا بڕوات، بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانیشەوە.

هەروەها لە نامەکەدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو هاوڵاتیە تیگراییانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی ئیسیوپیا دەژین. گیبریمایکڵ دەڵێت زۆرینەی تیگراییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە ئامانج کراون و دەستگیر دەکرێن، ئەوانی دیکەش لە ترسدا دەژین.

بەپێی گیبریمایکڵ، کشانەوەی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان دەهێنێت کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدا.

گیبریمایکڵ ئاماژەشی بە خراپیی ڕەوشی مرۆییدا لە باکوور و ڕۆژئاوای هەرێمی تیگرای.

وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێک بکات سەبارەت بە ڕەوشی ئیسیوپیا. پێشبینی دەکرێت بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت. کۆبوونەوەکە لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ململانێکانی باکووری ئیسیوپیا بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 400,000 کەس لە تیگرای ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەش کە 9.4 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا پشت بە یارمەتیەکان ببەستن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG