Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار 32 کەس لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە نایجیریا دەڕفێنن


بەرپرسێکی نایجیریا دەڵێت کۆمەڵێک چەکدار زیاتر لە 30 کەسییان لە وێستگەیەکی ویلایەتی ئیدۆی باشووری نایجیریا ڕفاندووە.

هێرشەکە نوێترین نموونەیە لەسەر ناسەقامگیری لە وڵاتەکەدا کە بە سەرجەم سوچ و گۆشەکانی نایجیریادا بڵاوبۆتەوە، هەروەها ئاستەنگیەکیشی لەبەردەم حکومەتدا دروست کردووە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی دوودا بەڕێوەبچێت.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی چەند چەکدارێک هێرشییان کردۆتە سەر وێستگەی تۆم ئیکیمی، لە کاتێکدا کە خەڵکەکە چاوەڕێی شەمەندەفەرەکەیان بوون بۆ واریی. واریی ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و نزیک ویلایەتی دێڵتایە. وێستگەکە دەکەوێتە 111 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری بێنینی پایتەختەوە.

پۆلیس وتی هەندێک لە خەڵکەکەی ناو وێستگەکە لە هێرشەکەدا تەقەیان لێکراوە.

کۆمسیاری ڕاگەیاندنی ویلایەتی ئیدۆ کریس ئۆسا وتی چەکدارەکان 32 کەسییان ڕفاندووە، بەڵام یەکێکیان پێشتر هەڵاتووە.

وتی " لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایش کە لە پۆلیس و سەرباز پێکهاتوون و ڕاوچییەکان ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتنیان چڕتر کردۆتەوە تاوەکو قوربانییەکان ئازاد بکەن. دڵنیاین لەوەی قوربانییەکانی دیکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕزگار دەکرێن."

دەزگای هێڵی ئاسنینی نایجیریا وێستگەکەی داخستووە و وەزارەتی گواستنەوەی فیدڕاڵی نایجیریا ڕفاندنی خەڵکەکەی بە " کردەوەیەکی دڕندانە " ناوبرد.

مانگی ڕابردوو دەزگاکە هێڵێکی شەمەندەفەری کردەوە کە ئابوجای پایتەخت بە ویلایەتی کادونای باکوورەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش چەند مانگێک دوای ئەوەی چەند چەکدارێک هێڵەکانیان تەقاندەوە و دەیان سەرنشینیان ڕفاند و شەش کەسیشیان کوشت.

دوایین بارمتە لە مانگی سێدا بوو و تاوەکو مانگی 10 ئازاد نەکرا.

ناسەقامگیری لە سەرانسەری نایجیریادا بەربڵاوە، لە کاتێکدا کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە یاخیبووە ئیسلامییەکان هەن و لە باکووری ڕۆژئاواوە چەتەکان هەن و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە جیاخوازەکان و جوتیارەکانیش لە ویلایەتەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکەدا بەردەوام لە شەڕدان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG