پلانەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی شکست بۆوە کاتێک پەرلەمانی بەڕیتانیا داوای کرد لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا پلانێکی جێگرەوە پێشکەش بکرێت ئەگەر هاتوو پلانەکەی تێریزا مەی لە دەنگدانەکەی پەرلەماندا شکست بهینێت.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمانی بەڕیتانیا دەنگدانێک ئەنجام دەدات سەبارەت بەو ڕێکەوتنەی تێریزا مەی واژۆی کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەربارەی کشانەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتییەکە.
هەتا ئێستا مەی ڕەتی دەکاتەوە پاشگەز بێتەوە لە پلانەکەی کە جێی ڕەزامەندی نیە لە بەڕیتانیادا و پەیوەندییە بازرگانییە توندوتۆڵەکانی بەڕیتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەناو دەبات دوای جیابوونەوەکە، لەجیاتی ئەوە تێریزا مەی بڕیاریداوە دەنگدانەکە ئەنجام بدرێت کە پێدەچێت لە دەنگدانەکەدا شکست بهێنێت بەوەی کە تا ئێستا نەیتوانیوە پشتیوانی هاوپەیمانەکانی لە ئێرلەندای باکوور بەدەست بهێنێت.
ڕەتکردنەوەی پلانەکەی مەی لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا دەبێتە هۆی دروستبوونی نادیارییەک سەبارەت بە داهاتووی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورە لە سیاسەتی دەرەوە و بازرگانی بەڕیتانیادا، هەروەها ڕەت کردنەوەکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم ئەوەدا کە دووبارە گشتپرسی بکرێتەوە سەبارەت بە جیابوونەوەکە یاخوود بەڕیتانیا بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک لە یەکێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە.
ئەندامانی پەرلەمانی بەڕیتانیا بە 308 دەنگ بەرامبەر 297 دەنگ پشتیوانیان لەو بڕیارە کرد کە داوا لە حکومەت دەکات لە ماوەی سێ ڕۆژدا پلانێکی جێگرەوە پێشکەش بە پەرلەمان بکات.
وەزیری کاروباری جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ستیڤن باڕکلی بە پەرلەمانی وت حکومەت دەیەوێت بەخێرایی بجوڵێت ئەگەر پلانەکەی مەی ڕۆژی سێشەممە شکستی هێنا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز