Accessibility links

تاڵیبانی ئەفغانستان ئارەزووی خۆی پیشان دەدات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لەڕێی گفتوگۆکردنەوە


چەکدارانی تاڵیبان

تاڵیبانی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکی دەگمەندا کە ئاڕاستەی گەلی ئەمەریکای کردووە دەڵێت ئارەزووی کۆتایی هێنان بە جەنگی بەردەوامی ئەفغانستان دەکات کە ماوەی 17ساڵە بەردەوامە لەڕێی گفتوگۆکردنەوە بەڵام هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی ئەم پەیامەی وەکو نیشانەیەکی بێهێزی سەیر بکرێت و جەختی لە شەڕکردن کردەوە دژی هێزەکانی ئەمەریکا.

تاڵیبان وتی " پێمان باشترە لەڕێی گفتوگۆکردنی ئاشتیانەوە بابەتی ئەفغانستان چارەسەر بکەین."

تاڵیبان وتیشی واشنتن پێویستە کۆتایی بە داگیرکارییەکەی بهێنێت و ڕازی ببێت بەوەی تاڵیبان حکومەتێک پێک بهێنێت کە لەگەڵ بیروباوەڕی گەلی ئەفغانیدا بگونجێت.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەو هێرشە نەکردووە کە کرایە سەر ئوتێلێک لە کابوڵ و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 30 کەس و هەروەها ئاماژەی بەو تەقینەوەیەش نەداوە کە ئەنجامیاندا لە شەقامێکی قەرەباڵغدا، ئەم هێرشانەش بوونەی هۆی کوژرانی 100 کەس و تاڵیبانیش بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕاگەیاندبوو.

وتەبێژی ئەرکی سەربازیی ناتۆ لە ئەفغانستان وتی هێرشەکانی تاڵیبان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی پیشانی دەدات کە وادەرناکەوێت گروپەکە ئامادەی چوونە ناو گفتوگۆی ئاشتیانە و نیازپاکیەوە بن، هەروەها وتیشی حکومەتی ئەفغانستان چەند جارێک بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە ئەرکی ئاشتی دەست پێبکات.

تاڵیبان لە بەیاننامەکەدا دەڵێت هێشتا کات ماوە تا ئەمەریکییەکان بزانن تاڵیبان دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات لەڕێی سیاسەت و گفتوگۆی تەندروستەوە و ئاماژەشی بەوەدا کە هەلی گفتوگۆکردن سوودی لێ وەرنەگیراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG