نوێنەرانی تاڵیبان ڕۆژی دووشەممە چاویان بە بەرپرسانی ئەمەریکی دەکەوێت لە ئیماڕات ئەمەش بەپێی وتەکانی وتەبێژی تاڵیبان لەکاتێکدا کە هەوڵە سیاسییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی بەردەوامی 17 ساڵەی ئەفغانستان بەردەوامە.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی نوێنەرانی سعودیە و ئیمارات و پاکستانیش بەشداری دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی دووجار بەرپرسانی تاڵیبان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاددا کۆبوونەتەوە.
ئەم کۆبوونەوانەش لەکاتێکدا دێن کە هەوڵە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی ئەفغانستان چڕتر بوونەتەوە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا تاڵیبان ڕەتی کردۆتەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکات کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت و بە حکومەتێکی ناشەرعی دادەنێت.
تاڵیبان دەڵێت بوونی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بەربەرستی سەرەکییە لەبەردەم ئاشتیدا، بەڵام وتی دەکرێت دانوستان بکرێت لەسەر کۆمەڵێک بابەت، لەوانەش هەردوولا تاڵیبان و حکومەت دان بەیەکتردا بنێن و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دەستوور و مافەکانی ئافرەتدا بکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز