Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت " گەورەترین بەربەست " لە بەردەم دانپێدانان بە حکومەتەکەیدا ئەمەریکایە


وتەبێژی باڵای تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید
وتەبێژی باڵای تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید

تاڵیبانی ئەفغانستان دەڵێت گوایە ئەمەریکا بەربەستە لە بەردەم دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیدا بۆ حکومەتەکەی لە ئەفغانستان.

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا کشانەوە.

گوتەبێژی باڵای تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرپرسە لە دواکەوتنی بەدەستهێنانی دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیدا بۆ حکومەتەکەیان یاخود وڵاتێک هەیە ڕێگەی لە دانیپێدانانەکە گرتووە، وتی " لەڕووی دانپێدانانی وڵاتانی بیانییەوە، پێم وایە ئەمەریکا گەورەترین بەربەستە."

گوتی " ئەمەریکا ڕێگە نادات وڵاتانی دیکە بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن و خۆشی هیچ هەنگاوێکی لەم بارەیەوە نەناوە."

موجاهید بانگەشەی ئەوەی کرد تاڵیبان " هەموو ئەو مەرجانەی " تێدایە تاوەکو حکومەتەکەیان دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی پێبدرێت.

گوتیشی سەرجەم وڵاتان بە ئەمەریکاشەوە دەبێت ئەوە بزانن دروستکردنی پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ تاڵیباندا " لە بەرژەوەندی هەمووانە." ئەو پەیوەندییە سیاسییە ڕێگە بە جیهان دەدات بە فەڕمی تاوتوێی " ئەو سکاڵایانە " بکەن کە لە تاڵیبان هەیانە.

موجاهید جەختی لەوە کردەوە ڕابەرانی تاڵیبان پەیوەندییەکی دووقۆڵی " باشترییان دەوێت " لەگەڵ ئەمەریکادا، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ڕێکەوتنەکانی دوو وڵاتەکەدا کە لە دەوحەی قەتەڕ لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا واژۆیان کردووە. وتی پێویستە واشنتن هەنگاو بنێت بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کابوڵدا.

گوتی " ئێمە دوژمن بووین و ماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ ئەمەریکادا شەڕمان کرد لەکاتێکدا ئەوان ئەفغانستانیان داگیرکردبوو. ئێستا جەنگەکە تەواو بووە."

تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک دانی بە فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا نەناوە لە ئەفغانستان. زۆربەی هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی توندی بزوتنەوەکە لەگەڵ ئافرەتان و کچاندا.

لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا، تاڵیبان قوتابخانە دواناوەندییەکانی بۆ کچانی هەرزەکار قەدەغە کردووە و ڕێگە نادات ئافرەتان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە چەند بەشێکی دیاریکراوی حکومەتدا.

XS
SM
MD
LG