Accessibility links

تاڵیبان ئامادەیی خۆی پیشان دەدات بۆ وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەفغانستان


دوای ئەوەی سەرۆکی ئەفغانستان فەرمانی بە هێزەکانی ئەفغانستان کرد ئەرکەکانیان لە بەرگریکردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشکردن،بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ شەڕکردن، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی زنجیرەیەک هێرش کابوڵی پایتەختیان هەژاند.

لە دوو هێرشی جیادا ڕۆژی سێشەمە 56 کەس کوژران، هێرشێکیان بۆ سەر نەخۆشخانەیەک بوو کە تیایدا 24 کەس کوژران و ئەوی دیکەیان کردەوەیەکی خۆکوژی بوو پرسەیەکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 32 کەس کوژران.

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی بزوتنەوەی تاڵیبان و ڕێکخراوی داعشی تۆمەتبار کرد و فەرمانی بە هێزەکانی ئەفغانستان کرد ئەرکەکانیان لە بەرگریکردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشکردنە سەر دوژمنان.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر پرسەکەی ڕاگەیاند بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکە نەدا.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشانەدا و ڕایگەیاند " تەواو ئامادەیە " بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی هێزەکانی ئەفغانستان. وتیشی " لە ئێستاوە بەرپرسیارێتی زیادبوونی توندوتیژییەکان و دەرەنجامەکانی لەسەر ئەستۆی حکومەتەکەی کابوڵە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG