Accessibility links

تاڵیبان 30 سەربازی ئەفغانی دەکوژێت و دەست دەگرێت بەسەر بنکەیەکی سەربازیدا


فەرمانڕەوای هەرێمی بادغیسی ئەفغانی وتی تاڵیبان 30 سەربازی هێزەکانی ئاسایشی کوشتووە و دەستی گرتووە بەسەر بنکەیەکی سەربازییدا لە هەرێمەکە کە دەکەوێت ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، ئەمەش یەکەمین هێرشی گەورەی تاڵیبانە لە ئاگربەستەکەی جەژنەوە.

شەوی ڕۆژی یەکشەممە ئەو ئاگربەستە کۆتایی پێهات کە تاڵیبان ڕایگەیاندبوو.

فەرمانڕەوای هەرێمەکە عەبدولغەفور مالیک زای ئاماژەی بەوەدا چەکدارانی تاڵیبان لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا هێرشیان کردۆتە سەر دوو خاڵی پشکنین. سەرۆکی ئەنجومەنی هەرمی بادغیس عەبدولعەزیز بێکیش وتی تاڵیبان بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەی بالامەرغاب کردۆتە ئامانج.

وتیشی " کۆمەڵێک چەکداری زۆری تاڵیبان بەرەو ئەو ئاڕاستانە ڕۆشتوون." وتیشی " دوای چەند کاتژمێر لە پێکدادانێکی توند 30 چەکداری هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان کوژراون و تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر بنکەکەدا."

ئاماژەشی بەوەدا لە ناوچەکانی دیکە لە شەودا 15 چەکداری تاڵیبان کوژراون. هەروەها وتیشی چەکدارەکان پلانیان بۆ هێرشەکانیان داڕشتووە و چاودێری ناوچەکەیان کردووە لەکاتی ئاگربەستەکەدا.

هێشتا هیچ لێدوانێک لەلایەن تاڵیبانەوە نەدراوە.

وتەبێژی پۆلیسی بادغیس نەقیب ئەڵا ئەمینی کوژرانی 30 سەربازی پشتڕاستکردەوە و وتی تاڵیبان چوار سەربازی لە هێرشێکی جیادا کوشتووە و خاڵە پشکنینە ئەمنییەکانیان لە هەمان ناوچە کردۆتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG