Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت ڕێکخراوی ئەل قاعیدە و داعش لە ئەفغانستان بوونیان نیە


تاڵیبان نیگەرانیەکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی ڕێکخراوی ئەل قاعیدە یاخود چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان مابێتنەوە و وتی " ئەو نیگەرانیانە پڕوپاگەندەی بێ بنچینەن."

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ ئەم لێدوانەیدا، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕێکخراوی داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی هەرێمی نانگەرهاری ڕاگەیاند کە چەکدارانی تاڵیبانی کردبووە ئامانج.

لێدوانەکانی موجاهید دوابەدوای ئاگادارییەکانی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا دێن لەسەر ئەوەی چەکدارانی داعش و ئەل قاعیدە وردە وردە دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

موجاهید سەرکۆنەی تەقینەوەکانی نانگەرهاری کرد. وتی تاڵیبان سوورە لەسەر ئەوەی توندوتیژییەکان نەهێڵێت و وەکو هەڕەشەیەکی گەورە سەیری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان ناکەن.

وتی " خۆتان دەیبینن ئەمانە دوایین هێرش دەبن و چیتر ناتوانن لە داهاتوودا ئەو هێرشانە ئەنجام بدەنەوە."

وتەبێژەکە وتیشی " داعش بوونی نیە لێرە، بەڵام ڕێی تێدەچێت هەندێک کەس کە هاوڵاتی ئەفغانی خۆمانن فیکری داعشیان وەرگرتبێت، کە ئەوەش دیاردەیەکە و لەلایەن ئەفغانیەکانەوە پشتیوانی لێناکرێت."

هەفتەی ڕابردوو جێگری بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا دەیڤد کۆهین وتی " ئەمەریکا هەندێک ئاماژە دەبینێت لەسەر جوڵەی چەکدارانی ئەل قاعیدە بۆ ئەفغانستان."

وتی " بەڵام هێشتا زووە." هۆشیاریشیدا لەسەر ئەوەی ئەل قاعیدە دەکرێت لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا دووبارە خۆی پێکبهێنێتەوە، " بۆیە بەدڵنیاییەوە لەنزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین."

بەڵام موجاهید ئەو لێدوانانەی ڕەت کردەوە و وتی " ئەم نیگەرانیانە سەبارەت بە چەکدارە بیانیەکان یاخود هەر کەسێک کە پەیوەندی بە ئەل قاعیدەوە هەبێت و لە ئەفغانستان بوونی هەبێت، دوورن لە ڕاستیەوە و تەنها لەپێناو پڕوپاگەندەدا دەوترێن. هیچ شتێک لە ئەفغانستان نابینین هیچ پەیوەندییەکی بە ئەل قاعیدەوە هەبێت."

وتیشی " پابەندبوونی خۆمان بە جیهان و ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، ڕێگە نادەین هیچ کەسێک خاکی ئەفغانستان بۆ هەڕەشەکردن یاخود ئازاردانی هیچ وڵاتێک بەکاربهێنێت. ئەمە هەڵوێستی جێگیری ئێمەیە و پابەندین پێوەی، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەفغانیەکانیشدایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG