Accessibility links

تاڵیبان کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەفغانستان و دامەزراوە سەرەکییەکانی دیکە هەڵدەوەشێنێتەوە


بەرپرسێکی تاڵیبان وتی بەرپرسانی تاڵیبان لە ئەفغانستان پێنج دامەزراوەی سەرەکی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستانیان هەڵوەشاندەوە، لەوانەش کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی وڵاتەکە و دەڵێن ئەو دامەزراوانە لەنێوەندی ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە پێویست نین.

ڕۆژی شەممە تاڵیبان بۆ یەکەمین جار بودجەی ساڵانەی نیشتیمانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند کە بە بڕی 501 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کورتی هێناوە.

جێگری وتەبێژی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئیناموڵا سامانگنی وتی " لەبەر ئەوەی ئەم دامەزراوانە بە پێویست نەزاندراون و نەخراونەتە ناو بودجەکەوە، هەڵوەشێندراونەتەوە."

ئەو دامەزراوانەی دیکە کە هەڵوەشێندراونەتەوە بریتین لە ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتیمانی و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ( کە پێشتر بەهێزترین ئەنجومەن بووە ) و کۆمسیۆنی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری ئەفغانستان.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان پێشتر لەلایەن سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان عەبدوڵا عەبدوڵاوە سەرۆکایەتی دەکرا، هەروەها کاری دەکرد بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەنێوان حکومەتەکەی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی و تاڵیباندا.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا، هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە و ئەوەش بووە هۆی ڕووخانی حکومەتی ئەو وڵاتە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە.

سامانگنی وتی بودجەی نیشتیمانی لەسەر " ڕاستییەکان " بونیادنراوە و تەنها بۆ ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە چالاک و سوودبەخش بوون.

وتیشی " ئەگەر پێویست بکات " لە داهاتوودا ئەو دامەزراوانە چالاک دەکرێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG