Accessibility links

تاڵیبان فشارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەفغانستان لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە زیاد دەکات


بەرپرسێکی ئەفغانی وتی چەکدارانی تاڵیبان فشارەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەفغانستان لە هەرێمی بادگیس لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە زیادکردووە و 20 سەربازییان کوشتووە و 20 کەسی دیکەیان بە دیل گرتووە، چەکدارانی تاڵیبان بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان سەرەڕای وتوێژەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان قەیس مەنجەل لە کابوڵ وتی لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە ژمارەیەکی زۆر چەکداری تاڵیبان هێرشیان کردۆتە سەر کۆمەڵێک شوێنی سوپای ئەفغانی لە ناوچەی بالا مور غاب لە هەرێمەکە.

وتیشی شەڕەکە هێشتا بەردەوامە، ئاماژەشی بەوەدا تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر چوار شوێندا لەکاتێکدا لەڕێی هێرشی ئاسمانیەوە پشتیوانی هێزەکانی حکومەت دەکرێت تاوەکو چەکدارانی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکە نەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی بادگیس عەبدولعەزیز بێگ وتی 20 سەرباز کوژراون و 10 سەربازی دیکە برینداربوون و 20 کەسی دیکە لەلایەن چەکدارەکانەوە بە دیل گیراون.

تاڵیبان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی ڕاگەیاند کە لە بادگیس ڕوویاندوە.

وتەبێژی تاڵیبان قاری یوسف ئەحمدی وتی 20 سەربازی ئەفغانی کوژراون و 28 کەسی دیکە بە دیل گیراون و دەستیش گیراوە بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG