Accessibility links

سەرچاوەکان: ڕابەری تاڵیبان ڕازی بووە لەسەر زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان


ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخونزادە
ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخونزادە

دوو بەرپرسی باڵای تاڵیبان وتیان شاندێکی تاڵیبان کە ڕابەری تاڵیبان دیاریکردووە لەم هەفتەیەدا سەردانی پاکستانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە هەلی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان کە بۆ ماوەی 16 ساڵە بەردەوامە.

بەڵام ڕوون نەبۆوە کە ئایا دانوستانە نافەڕمیەکانی نێوان نوێنەری سیاسی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا هیچ پێشڕەوییەکی بەخۆوە دیوە یاخوود نا. پێشتر کۆمەڵێک هەوڵ دراون بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکان بەڵام هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون.

گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدران دوای ئەوەی لە تورکیا لە سەرەتای هەفتەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا لەنێوان کۆمەڵێک ئەندام کە پەیوەندییان بە تاڵیبانەوە هەبووە لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی ئیسلامی. ئەم حیزبە ئیسلامیە سەرکردەیەکی پێشووی هاوپەیمانی تاڵیبان سەرکردایەتی دەکات کە ساڵی ڕابردوو وازی لە تاڵیبان هێنا و هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی ئەفغانستانەوە.

وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی وتی ئاگاداری گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد نیە، ڕۆژی دووشەممە هەردوولا ڕەتیان کردەوە لە تورکیا کۆبوونەوەیان ئەنجام دابێت.

دوو بەرپرسی باڵای تاڵیبان کە نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە وتیان ڕابەری باڵای تاڵیبان ڕازی بووە لەسەر کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئیسلام ئاباد.

باوەڕوایە ڕابەری باڵای تاڵیبان ئەخوانزادە لە شوێنێک لە پاکستان خۆی حەشار دابێت.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی لە کۆبوونەوەکەی تورکیادا نوێنەری یاسایی تاڵیبانی لێ نەبووە.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە یاری هەواڵگرییە کە دەیانەوێت ئەرکی ڕاستەقینەی ئاشتی لە ئەفغانستان تێک بدەن و زیانی پێبگەیەنن."

بەیاننامەکە ئاماژەش بەوە دەدات کە تاڵیبان ناتوانێت هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام بدات تاوەکو هەموو هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان نەچنە دەرەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG