Accessibility links

وەزیری بەرگری تاڵیبان دەڵێت ئەفغانستان ڕێگە بە " داگیرکاری " نادات


وەزیری کاربەڕێکەری بەرگری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەلا محەمەد یەعقوب
وەزیری کاربەڕێکەری بەرگری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەلا محەمەد یەعقوب

وەزیری کاربەڕێکەری بەرگری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان " داگیرکاری " لە دراوسێکانییەوە قبوڵ ناکات، ئەمەش دوای ئەوەی ناڕەزاییان دەربڕی دژی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە دەڵێن پاکستانی دراوسێی ئەنجامی داون.

لێدوانەکانی وەزیرەکەی تاڵیبان دوای ئەوە دێت بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان پاکستانی بە بەرپرس دانا لەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن دەیان کەسیان لە هەرێمەکانی کونار و خۆست کوشتووە.

پاکستان کە تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ناوچەکانی ئەفغانستانی لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە ڕانەگەیاندووە، وتی دوو وڵاتەکە " دوو وڵاتی بران."

وەزیری کاربەڕێکەری بەرگری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەلا محەمەد یەعقوب وتی " ڕووبەڕووی کێشە بووینەتەوە لە دراوسێکانمان و جیهانیشەوە، ڕوونترین نموونە داگیرکارییەکەیانە لە خاکی کوناری خۆمان."

وتی " ناتوانین داگیرکاری قبوڵ بکەین. ئەو هێرشەمان قبوڵکرد، لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانماندا قبوڵمان کرد، ڕەنگە جاری داهاتوو قبوڵی نەکەین."

وتەبێژی ئۆفیسی کاروباری دەرەوەی پاکستان کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی یەعقوب پرسیاری لێکرا، وتی " پاکستان و ئەفغانستان دوو وڵاتی بران. حکومەت و گەلی هەردوو وڵاتەکە تیرۆر بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەزانن و ماوەیەکی زۆریشە بەدەستییەوە دەناڵێنن. لەبەر ئەوە گرنگە دوو وڵاتەکەمان بەشێوەیەکی گونجاو هاریکاریی یەکتر بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەودیوی سنووری ئەفغانستان و کارێک بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لەسەر خاکەکانیان."

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان بانگهێشتی باڵیۆزی پاکستانی کرد لە وڵاتەکە. بەرپرسانی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکان کە لەلایەن کۆپتەرە سەربازییەکانی پاکستانەوە ئەنجام دراون، بوونەتە هۆی کوژرانی 36 کەس.

ڕێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان وتی لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر خۆست و کوناردا لە 16 ی مانگی چواردا 20 منداڵ کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG