Accessibility links

تاڵیبان: چین ئامادەیە بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا بکات


زەبیحوڵا موجاهید

وەزیری کاربەڕێکەری زانیاری و کلتوری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان زەبیحوڵا موجاهید وتی چین ئامادەیە بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا بکات، ئەگەر هاتوو تاڵیبان گرەنتی بدات لەسەر پارێزراوی کارمەند و سەرمایەکانیان.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا عایشە تەنزیم لە کابوڵ، موجاهید وەڵامی پرسیارەکانی لەسەر کۆمەڵێک بابەت دایەوە، لەوانەش گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە و ئابوورری وڵاتەکە و مافەکانی ئافرەتان و هەڕەشە ئەمنیەکانی سەر ئەفغانستان دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەخنەی توندی لە تاڵیبان گرتووە لەسەر ئەوەی پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانیەوە بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان و کەمینەکان، هەروەها لەسەر ئەوەش کە ژمارەیەکی زۆر لە کابینەی حکومەتەکەیان سەر بە نەژادی پەشتونن.

تاڵیبان تاوەکو ئێستا ڕێگەی نەداوە خوێندکارە کچەکانی پۆلەکانی 6 بۆ 11 بگەڕێنەوە خوێندنگاکان، لەکاتێکدا کوڕان ڕێگەیان پێدراوە بەردەوامی بە خوێندنەکەیان بدەن.

کابینەی حکومەتەکەی تاڵیبان سەرجەمیان پیاون و زۆرینەیان سەر بە نەژادی پەشتونن.

لەکاتێکدا تاڵیبان لێبووردنی گشتی بۆ هەمووان ڕاگەیاند، بەوانەشەوە کە پێشتر لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنیەکانی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستاندا کارییان دەکرد، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لەمدواییانەدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی تاڵیبان بەشێوەیەکی نایاسایی 13 کەسیان لە نەژادی هازاراس کوشتووە، لەنێویشیاندا کچێکی تەمەن 17 ساڵی تێدا بووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو زۆرینەی ئەوانەی کوژراون ئەو ئەندامانەی هێزەکانی ئاسایش بوون کە خۆیان ڕادەستی تاڵیبان کردووە.

موجاهید لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش پرسیاری لێکرا و وتی " داعش کێشەیەکی گەورە نیە بۆ ئێمە، بوونێکی بەرچاوی نیە لە ئەفغانستاندا و پێویستی بەوەیە خۆی بشارێتەوە. بەڵام هێشتا دەتوانێت هەندێک چالاکی ئەنجام بدات، لەوانەش هێرشەکەی کوندوز. بەڵام ئیماڕاتی ئیسلامی بەدوایانەوەیە. هێزەکانمان لە هەوڵی ئەوەدان ڕەگ و ڕیشەی داعش بدۆزنەوە، لە ماوەی هەفتە و نیوێکی ڕابردوودا توانیومانە کۆمەڵێک کەسی سەر بە داعش دەستگیر بکەین، هەروەها ژمارەیەک لە حەشارگەکانیشیانمان لەناوبردووە. کۆمەڵێک لە هێرشەکانیشیانمان پوچەڵ کردۆتەوە. هۆکاری ئەوەشی داعش ئەم چالاکیانەی کرد ئەوەیە تاڵیبان لەماوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستاندا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیەکانی ئازاد کرد، ئەندامانی داعشیش لەو زیندانانەدا هەڵهاتن. ئەوە یارمەتیدان، بەڵام بەڵێنمانداوە بوونیان لە ئەفغانستان بسڕینەوە."

لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا پەیامنێرەکەی دەنگی ئەمەریکا لە موجاهیدی پرسی، پلانتان چیە بۆ ڕزگارکردنی ئابووری ئەفغانستان، موجاهید لە وەڵامدا وتی " ڕەوشی ئابووری وڵاتەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. ئێمە سەرجەم سەرچاوە نیشتیمانیەکانمان کۆکردۆتەوە. بازرگانەکانمان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان و کار لەسەر پڕۆژەی گەورە بکەن، لەوانەش پڕۆژەکانی دروستکردنی ڕێگا و بان کە ئێستا خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها لەگەڵ هەندێک وڵاتدا گرێبەستی دۆزینەوەی کانزا سروشتیەکانمان واژۆ کردووە."

پەیامنێرەکەی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە گفتوگۆکانی تاڵیبان لەگەڵ ئەمەریکا پرسی و وتی " لە گفتوگۆکانتاندا لەگەڵ ئەمەریکا، هیوای چی دەخوازن؟ دەخوازن چەند بەزوویی ئەمەریکا سەرمایەکان بگەڕێنێتەوە، هەروەها ئامادەن لەبەرامبەر ئەوەدا چی بکەن؟"

موجاهید لە وەڵامدا وتی " سڕکردنی سەرمایەکانی ئەفغانستان کارێکی نادادپەروەرانەیە بەرامبەر گەلی ئەفغانستان. گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکیەکاندا دەکەین، هەروەها گفتوگۆش لەگەڵ وڵاتانی دیکە و بانکە جیهانیەکانی دیکەدا دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، چونکە ئەوە سەرمایەی گەلی ئەفغانستانە. ئەمە نان و قوتی گەلی ئەفغانستانە و گەڕاندنەوەی ئەو پارانە زۆر گرنگ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و کێشەکانی هاوڵاتیانی ئەفغانی."

سەبارەت بە داواکانی ئەمەریکا بۆ کردنەوەی خوێندنگا ناوەندییەکان بۆ کچان و جیاکردنەوەی پۆلەکانی خوێندن، موجاهید وتی " ئەمەریکا تاوەکو ئێستا بە ڕوونی هیچ داوایەکی نەکردووە، ئەوان تەنها نیگەرانی سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ دەردەبڕن، ئێمەش دڵنیایان دەکەینەوە کە ڕێز لەو مافانە دەگرین، بەڵام بەپێی یاسای ئیسلامی. تاوەکو ئێستا ئێمە لە داڕشتنی ئەو سیاسەتەداین. ناڵێین کچان نابێت بچن بۆ خوێندنگا. ئێمە کاردەکەین بۆ داڕشتنی پلانێک و هیوادارین بەمزووانە ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت."

سەبارەت بە چینیش پەیامنێرەکەی دەنگی ئەمەریکا بە موجاهیدی وت " ئێوە ئاشکراتان کردووە کە دەتانەوێت چین بێت و وەبەرهێنان بکات، تاڵیبان دەیەوێت چین چی بکات؟ "

موجاهید وتی " چین دراوسێیە و ئابوورییەکی بەهێزیشی هەیە. هەوڵی ئەوە دەدەین پەرە بە پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابووری بدەین لەگەڵیاندا. بەڵام هەرچەندە کە دەمانەوێت چین وەبەرهێنان و بازرگانیمان لەگەڵ بکات، هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆماندا قبوڵ ناکەین."

پەیامنێرەکە پرسی " کاتێک قسە لەگەڵ دیبلۆماتکارەکانی چیندا دەکەیت، ئەوان چییان لە ئەفغانستان دەوێت؟ چییان لە ئێوە دەوێت؟ هەروەها دەیانەوێت چی بکەن لە ئەفغانستاندا؟ "

موجاهید وتی " پارێزراوییان دەوێت بۆ کارمەندەکانیان و ئەوانەشی لەوێ وەبەرهێنان دەکەن. ئەوان دەیانەوێت وەبەرهێنان لە هەندێک لە کەرتەکانی ئەفغانستاندا بکەن و دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان بکەن. یەکێک لە پڕۆژەکان مێس ئاینەکە ( شوێنی یەکێک لە گەورەترین کانیە مسەکانی ئەفغانستانە و شوێنەواری کۆنی بودییەکانی لێیە )، ئەمە یەکێکە لەو ناوچە گرنگانەی کە دەیانەوێت بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بکەن، ئەفغانستانیش پێویستی بەمەیە. بەڵێنمان پێداون ئاسایشی کارمەند و وەبەرهێنان و سەرمایەکانیان بپارێزین."

هەروەها سەبارەت بە بەڵێنەکانی تاڵیبان بۆ حکومەتێکی کراوە وتی " سەرجەم ئەفغانیەکان لە هەموو نەژادە جیاوازەکان دەبێت بەشداری لە حکومەتدا بکەن. بۆ ئەمە ئێمە پێشنیارێکمان هەیە. خەڵکمان لە نەژادە جیاوازەکاندا هەیە لە کابینەکەماندا. بەشدارن لە فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکەدا. حکومەتەکە هێشتا لە پڕۆسەی پێکهاتندایە، سەرجەم ئەم کێشانە چارەسەر دەکرێن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG