Accessibility links

سەرەڕای دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی، هێرشەکانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەفغانستان بەردەوامن


بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان، هێزەکانی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کۆتای هێنان بە جەنگی ناوخۆی ئەفغانستان ئاسان نابێت.

وابڕیاربوو دوای ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان لە مانگی دوودا دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستان دەست پێبکەن، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە لەوانەش بەردەوامبوونی هێرشەکانی تاڵیبان، دانوستانی ئاشتی دواخرا، بەڵام لە دەستپێکی ئەم هەفتەیەدا دانوستانەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەستی پێکردەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان فواد ئامان وتی " لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتیدا واپێشبینیمان دەکرد تاڵیبان هێرشەکانی کەم بکاتەوە بەڵام بەداخەوە هێرشەکان بەردەوامن."

لەمیانەی مەراسیمی کردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا، نوێنەرانی کۆمەڵێک وڵات داوایان کرد بەزووترین کات ئاگربەست لە ئەفغانستان ڕابگەیەندرێت.

بەڵام لەمیانەی مەراسیمەکەدا تاڵیبان سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست بێدەنگی هەڵبژارد.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتی ئەفغانستان عەبدوڵا عەبدوڵا بە ڕۆیتەرزی وت کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی بابەتی سەرەکی دەبن کاتێک ڕۆژی یەکشەممە هەردوولا کۆدەبنەوە.

ئامان وتی ڕۆژی هەینی تاڵیبان 18 هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان و دامەزراوەکانی وڵاتەکە و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

وتیشی " زانیاریی دیاریکراومان نیە لەسەر هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی تاڵیبان بەڵام دەتوانم بڵێم ژمارەی هێرشەکان زیادییان کردووە لەجیاتی ئەوەی کەم بکەن."

لەلای خۆشیەوە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا وتی تاڵیبان هێرشی کردۆتە سەر ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەفغانستان کە ویستوویانە لەسەر ڕێگای خێرای قەندوز ئەرکێکی سەربازی ئەنجام بدەن.

وتیشی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە هەردوو هەرێمی بەگلان و جۆزجان هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG