وەزارەتی بەرگری تایوان دەڵێت 11 فڕۆکەی چینی هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە کە هێڵێکی نافەڕمییە و چین و تایوان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
چین, تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تایوان دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە، لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا چین فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر تایوان زیاد کردووە، زۆرجار فڕۆکەکانی بە بەشی باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا دەبات.
وەزارەتی بەرگری تایوان وتی 24 فڕۆکەی جەنگی بە فڕۆکەی شەڕکەر و بۆمبڕێژەوە لە نزیک تایوان بیندراون. وتیشی پێنج کەشتی جەنگی چینی " مەشقێکی سەربازیی هاوبەشییان ئەنجام داوە."
وەزارەتەکە وتی تایوان فڕۆکە و کەشتی ڕەوانە کردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی فڕۆکە و کەشتییەکانی چین، هاوکات سیستمە موشەکییەکانیش چاودێرییان کردوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز