Accessibility links

سەرۆکی تایوان دەڵێت وڵاتەکەی ناچار ناکرێت چۆک بۆ چین دابدات


سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن
سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن دەڵێت تایوان بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی تاوەکو هیچ کەسێک نەتوانێت دورگەکە ناچار بکات شێوازی فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات، کە نە سەربەخۆیی تێدایە و نە دیموکراسیش.

جێی ئاماژەیە چین فشارە سەربازی و سیاسییەکانی بۆ سەر تایوان زیادکردووە تاوەکو فەرمانڕەوایی پەکین بەسەر دورگەکەدا پەسەند بکات، هەفتەی ڕابردووش چین ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی تایواندا برد و ئەمەریکاشی نیگەران کرد.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی چین شی جین پینگ بەڵێنیدا " یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان ئاشتیانە بێت "، سەرەڕای ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە بەکارهێنانی هێز نەکرد، تایوان کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەری هەبوو و وتی تەنها گەلی تایوان دەتوانێت بڕیار لەسەر داهاتووی تایوان بدات.

تسای ئینگ وێن وتی هیوای خواستووە گرژییەکان لە سەرانسەری تەنگەی تایواندا کەم بببێتەوە و جەختی لەوە کردەوە تایوان " بە هەڵەشەیی ڕەفتار ناکات."

وتی " بەڵام دەبێت بەدڵنیاییەوە هیچ خەیاڵێک نەبێت لەسەر ئەوەی گەلی تایوان چۆک بۆ فشارەکان دا دەدات."

وتیشی " بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی بەرگری نیشتیمانیمان و سووربوونی خۆمان پیشاندەدەین لە بەرگریکردن لە خۆمان، تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی هیچ کەسێک نەتوانێت ناچارمان بکات ئەو ڕێگایە بگرینەبەر کە چین بۆی دیاریکردووین. ئەمە لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی چین دیاریکردووە هیچ شێوازە ژیانێکی سەربەخۆ و دیموکراسی تێدانیە، هەروەها سەروەریشی تێدانیە بۆ 23 ملیۆن خەڵکەکەمان."

جێی ئاماژەیە چین پێشنیاری " یەک وڵات و دوو سیستمی " کردووە بۆ سەربەخۆیی تایوان، هاوشێوەی ئەوەی لە هۆنگ کۆنگ دەگوزەرێت، بەڵام سەرجەم حیزبە سەرەکیەکانی تایوان ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردۆتەوە، بەتایبەتی دوای هەڵمەتە ئەمنیەکەی چین لە هۆنگ کۆنگ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG