Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوا لە سەرۆک ترامپ و یەکێتی ئەوروپا دەکات فشار بخەنە سەر ڕوسیا و ئێران


گەورە بەرپرسی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ دانوستانەکان نەسڕ حەریری داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەرانی وڵاتانی ئەوروپا کرد فشارەکانیان بۆ سەر سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و ڕوسیا و ئێران زیاد بکەن تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکان کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنانە بە جەنگی ناوخۆی سوریا.

حەریری وتی خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی هەمیشە دەڕژێت ئەگەر بێت و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا فشارەکانیان بۆ سەر ئەسەد و ڕوسیا و ئێران چڕ نەکەنەوە.

حەریری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە لەندەن وتی " دەمەوێت ئەم پرسیارە لە هەموو ئەم وڵاتانە بکەم کە بەڵێنیانداوە پشتیوانی لە گەلی سوریا و بەرژەوەندییە دیموکراسییەکانیان و ئاشتی بکەن، بۆچی بەڵێنی خۆتان نەبردە سەر؟"

هەروەها داوای لە سەرۆک ترامپ و ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی کرد هەڵوێستی توندتر بگرنە بەر دژ بە ئەسەد.

جێی ئاماژەیە هەتاوەکو ئێستا هەموو ئەو هەوڵە سیاسیانە شکستیان هێناوە کە دراون بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سوریا کە بۆ ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە و بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هەزاران هاوڵاتی و هەڵهاتنی 11 ملیۆن کەس بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

حەریری ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هێشتا دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە فشار بخەنە سەر حکومەتی سوریا تاوەکو ناچاریان بکەن بەشدار بن لە دانوستانەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG