Accessibility links

سوپای سوریا لەڕێی فوڕاتەوە هێزی زیاتر دەنێرێتە نزیک ئەو هێزانەی ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات


دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند هێزەکانی سوریا لە ڕووباری فوڕاتەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە لە دەیر ئەلزور و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز کرد دوای ئەوەی لەناوچەکەدا ئەو هێزانەی ئەمەریکا پشتیونیان لێدەکات پێشڕەوییان کردووە.

سەرکردەیەکی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات وتی یەکەکانی سوپای سوریا پەڕیونەتەوە و چەکدارەکانی ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەیان.

ئەحمەد ئەبو خەولەی ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سوپای دیموکرات لە دەیر ئەلزور وتی ئەگەر لە حاڵەتێکدا پێکدادان ڕووبدات لەگەڵ یەکەکانی سوپای سوریادا ئەوا چەکدارەکانی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ئەگەر هێزەکانی ڕژێم نەگەڕێنەوە بۆ ئەوبەری ڕووبارەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش ڕایگەیاند دوای دەستپێکردنی کەمپینی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە پارێزگای دەیر ئەلزور سوپای سوریا بۆ یەکەمین جار بە ڕووبارەکەدا پەڕیونەتەوە.

دەزگای هەواڵی سوری وتی ناوچەکە شەڕێکی قورسی بە خۆیەوە بینیوە لەگەڵ داعشدا.

ڕێکخراوی داعشیش لەڕێی دەزگای هەواڵی ئەعماقی خۆیەوە وتی دوو ئوتومبێلی بۆمبرێژکراوی ناردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە ڕووبەڕووی هێرش بۆتەوە لەلایەن هێزەکانی سوریا و فڕۆکەکانی ڕوسیاوە، ئەبو خەولەش وتی ڕێگە نادەن سوپای سوریا بە ڕووبارەکەدا بپەڕێتەوە.

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەڵێنیدا هەموو خاکی سوریا بگرێتەوە. ئەسەد ناوچە سەرەکییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بەدەستەوەیە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیش زۆربەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە.

کۆمەڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش هەندێک شوێنی ڕۆژئاوای سوریایان بەدەستەوەیە و ئەو شوێنانەشی کە داعش کۆنتڕۆڵی کردوون کەم بوونەتەوە بەڵام هەندێک شوێنی گرنگی دەیر ئەلزوری بەدەستەوە ماوە کە دەوڵەمەندە بە نەوت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG