Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی گروپی حوراس ئەلدین لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا 41 سەرباز و چەکدار کوژران


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت گروپێکی نزیک لە قاعیدە لە باکوری رۆژئاوای سوریا هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا و لە ئاکامدا 19 سەرباز و چەکداری حکومەتیان کوشتووە و 22 چەکداری گروپەکەش کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەکە گوتی ڕووداوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بووە و گروپەکە کە بە حوراس ئەلدین خۆی ناودێرکردووە، سەرەتا دەستیگرت بەسەر 2 گوند لە ناوچەی دۆڵی ئەلغاب کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای حەما و لە نزیک پارێزگای ئیدلیبە. بەڵام دواتر فڕۆکە جەنگیـیەکانی ڕووسیا بۆردومانی چەکدارەکانی کرد و هاوکات هێزەکانی حکومەت تۆپبارانیان کردن و لە ئاکامدا چەکدارەکان لە هەردوو گوندەکە کشانەوە.

ئەو ناوچەکەی کە هێرشەکەی لێوە کراوە دەکەوێتە پارێزگای ئیدلیب، لەو شوێنانەی لە ژێر کۆنترۆڵی جیهادیەکان و گروپە چەکدارەکاندایە.

ئەو ئاگربەستەی لە 6 ی مانگی سێ دەستەبەرکرا، بە ئەندازەیەکی زۆر شەڕی لەم ناوچەیەدا راگرت، بەڵام بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا پەیمانی داوە بەتەواوی دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچەیەدا بگرێتەوە.

گروپی جیهادی حوراس ئەلدین هەرچەندە گروپێکی هەتا رادەیەک بچوکە ، بەڵام گروپێکی چەکدارای بەهێزە و لەلایەن لایەنگرانی قاعیدەوە رابەرایەتی دەکرێت. وێڕای ئەوەی هەندێک جار هاریکاری یەکتری دەکەن ، بەڵام گروپی حوراس ئەلدین نەیاری گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامە کە هاوبەندییەکی لایەنە ئیسلامیەکانە و ئەندامانی پێشووی قاعیدە تێدا باڵادەستن و سەر بە جەبهەت ئەلنوسڕەی پێشوون.

ئاگربەستەکەی ئیدلیب ئەوەی لەلایەن رووسیا و تورکیا ، بە ئەندازەیەکی زۆر فرۆکە جەنگیەکانی سوریا و روسیا لە ئاسمانی ناوچەکە دوورخستەوە .

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG