Accessibility links

دانیشتوانی غوتە چاوەڕوانی مەرگ دەکەن و ڕوسیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات


سوریا، غوتە

دانیشتوانی غوتەی ڕۆژهەڵات لە سوریا دەڵێن چاوەڕوانی مەرگیان دەکەن لە یەکێک لە توندوتیژترین بۆمبارانەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر ناوچە گەمارۆدراوەکە کە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندایە و دەکەوێتە نزیک دیمەشقی پایتەختەوە.

بەلایەنی کەمەوە لە ڕۆژی چوارشەممەدا 38 کەس کوژراون.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگی ناوخۆی سوریا دەکات وتی بەلایەنی کەمەوە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 310 کەس لە ناوچەکەدا کوژراون و 1550 کەسی دیکە برینداربوون.

غوتەی ڕۆژهەڵات ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و دانیشتوانی چڕە و دەکەوێتە دەرەوەی دیمەشق و کۆتا ناوچەیە لەنزیک پایتەختەوە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندا مابێت.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە هێرشە ئاسمانییەکانی چڕتر بوونەتەوە و یەکێکە لە توندوتیژترین بۆمبارانکردن لە جەنگی ناوخۆی سوریا کە وا دەچێتە ساڵی هەشتەمییەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەیەک لە شارۆچکەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات بە ناوی بیلال سەڵاحەوە وتی " چاوەڕێی سەرەی مردنمان دەکەین، ئەوە تاکە شتە دەتوانم بیڵێم."

وتیشی " هەموو خەڵکەکە یا بەشێکی زۆریان لە پەناگەکاندا دەژین، هەر ماڵێک پێنج بۆ شەش خێزانی تێدا دەژی. هیچ خواردن و بازاڕێک نیە."

لەلای خۆشیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر غوتەی کرد کە هەندێک لە نەخۆشخانەکان و بینا سەرەکییە مەدەنییەکانی دیکەی کردۆتە ئامانج و وتی ئەوە جێی قبوڵکردن نیە و هۆشیاریشیدا لەوەی ئەو بۆمبارانکردنە دەچێتە قاڵبی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش داوای کرد بە زووترین کات هەموو چالاکییە جەنگییەکان لە غوتەی ڕۆژهەڵاتدا بوەستێنرێن.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گۆتێرێش وتی " دانیشتوانی غوتە لە دۆزەخی سەر زەویدا دەژین."

هەروەها گۆتێرێش پشتیوانی لە داواکەی سوید و کوەیت کرد بۆ وەستاندنی شەڕ لە سوریا بۆ ماوەی مانگێک.

نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسیلی نیبینزیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارەکەی وەستاندنی شەڕ وتی " ناتوانین هەر وا بە ئاسانی بڕیاری وەستاندنی شەڕ بدەین. ئەمە ئەرکێکی درێژخایەن و ئاڵۆزە. بەڵام هەوڵی بۆ دەدەین."

هەروەها مۆسکۆ داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی ئاشکرای ئەنجومەنی ئاسایش کرد لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشەکەی غوتە.

ڕوانگەی سوری وتی لە شەودا بۆمبارانەکان کەمتر بوونەتەوە بەڵام لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا دووبارە زیادبوونەتەوە. هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا سەدان موشەک و بەرمیلی پڕ لە تەقینەوەیان هەڵداوە بەسەر شارۆچکە و گوندەکانی ناوچەکەدا.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوای کرد ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە غوتە بەتایبەتی بریندارەکان کە برینی سەخت و مەترسیداریان هەیە.

سەرۆکی لیژنەکە لە سوریا ماریان جاسر وتی " وادەرەکەوێت لە ڕۆژانی داهاتوو و هەفتەکانی داهاتوودا شەڕەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازار و ناخۆشییەکان. ئەمە شێتییە و دەبێت بوەستێنرێت."

حکومەتی سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی دەڵێن ئەوان هاوڵاتیانی مەدەنی ناکەنە ئامانج. هەروەها هەردوولا ڕەتی دەکەنەوە بەرمیلی پڕ لە تەقینەوەیان بەکارهێنابێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی ئەو بەرمیلانە سەرکۆنە دەکات.

ڕوانگەی سوری وتی وادیارە زۆربەی ئەو فڕۆکانەی بەسەر غوتەدا دەفڕن ڕوسین. سورییەکانیش دەڵێن دەتوانن فڕۆکەی سوری لە فڕۆکەی ڕوسی جیا بکەنەوە چونکە فڕۆکە ڕوسییەکان لەبەرزییەکی زیاترەوە دەفڕن.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ ئەو قسانەی ڕەت کردەوە کە بەرپرسیارێتی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غوتەی ڕۆژهەڵات دەخەنە ئەستۆی ڕوسیا و وتی " ئەو قسانە هیچ بنەمایەکییان نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG