Accessibility links

دوای کۆبوونەوەیان بۆ ماوەیەکی کاتی، هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە شوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکا دووردەکەونەوە


بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کە کۆمەڵێک سەربازی ڕوسیشیان لەگەڵدابوووە لە نزیک هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە سوریا کۆببوونەوە، بەڵام ڕوونیان کردەوە کە ئەگەری پێکدادان نەماوە دوای ئەوەی سوپای ئەمەریکا پەیوەندیی کردووە بە ئەفسەرەکانی ڕوسیاوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس هەفتەی ڕابردوو بابەتی کۆبوونەوەی ئەو هێزانەی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد.

ماتیس وتی دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەفسەرانی سوپای ڕوسیادا قسەیان کردووە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کشاونەتەوە.

ماتیس وتی " ئەم ڕووداوە لەمدواییانەدا ڕوویداوە بەڵام پێمان وایە ئەگەری ڕوودانی پێکدادان کەمبۆتەوە بەهۆی فەرمانەکانی ڕوسیاوە بۆ ئەم هێزانە."

ماتیس وتی پێی وایە ئەو هێزانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیادا بوون.

سوپای ئەمەریکا لە مانگی دوودا هەوڵیدا پەیوەندی بکات بە ڕوسیاوە بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕەوشە کاتێک دواتر دەرکەوت ئەو هێزە بۆ خانەنشینێکی کرێملن کاریان کردووە و لەنزیک هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە سوریا کۆبوونەتەوە.

کاتێک ئەو هێزانە هێرشیان کرد، ئەمەریکا بە هێرشکردنە سەریان ڕووبەڕوویان بۆوە و ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاند، لەو ڕووداوە گەورەیەدا نزیکەی 300 کەس کوژران.

بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، ئەگەری ئەوە هەیە شەڕێکی دیکە ڕووبدات لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا کە دەوڵەمەندە بە نەوت و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات و خاکێکی بەرفراوانیان بەدەستەوەیە دوای ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعشدا دەریان هێنا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی 2014 دا پێکهێنرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێخکراوی داعش لە سوریا و عێراقدا.

هێشتا نزیکەی دوو هەزار سەربازیی ئەمەریکا لە سوریادا ماونەتەوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەیدا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا.

ماتیس وتیشی هێزەکانی تورکیا پێشڕەوییان نەکردووە بۆ شاری مەنبەجی سوریا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە و 50 کیلۆمەتر دوورە لە سنووری تورکیاوە.

ماتیس وتی " هیچ جووڵەیەک نەکراوە بە ئاڕاستەی مەنبەج و ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیدا سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG