Accessibility links

سەرۆکی کاتی سوریا دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ئاسایی بکاتەوە


ئەحمەد ئەلشەرع
ئەحمەد ئەلشەرع

سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع لە چاوپێککەوتنێکدا وتی حکومەتەکەی ئامانجییەتی لە ڕۆژانی داهاتوودا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام هێشتا هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکی سەرۆک ترامپدا نەبووە.

شەرع کە هەفتەی پێشوو وەکو سەرۆکی کاتی سوریا ڕاگەیەندرا، ئاماژەشی بەوەدا کە هێزەکانی ئەمەریکا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی سوریا لە وڵاتەکەدان، وتیشی ئەو جۆرە بوونە دەبێت لەگەڵ وڵاتدا ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت. وتیشی سزاکانی ئەمەریکا کە هێشتا بەسەر وڵاتەکەدا سەپێندراون " گەورەترین مەترسین " بۆ وڵاتەکە.

شەرع لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ The Economist دا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت " باوەڕم وایە سەرۆک ترامپ هەوڵی ئاشتی دەدات لە ناوچەکەدا، لابردنی سزاکانیش کارێکی پێشینەیە. ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نیە لە ناڵاندنی گەلی سوریادا."

شەرع سەرکردایەتی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشامی کرد لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا، گروپەکە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بووە.

چەندین ساڵە سوریا لە ژێر سزا توندەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوادایە، مەبەست لە سزاکانیش پەراوێزخستنی ئەسەد بوو بەهۆی سەرکوتکارییە دڕندانەکەیەوە و هەروەها بۆ دروستکردنی فشار بوو بۆ چارەسەرێکی سیاسیی دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا.

لە مانگی یەکدا بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووی بایدن سزاکانی لەسەر سوریا کەمکردەوە و ڕێگەی بە حەواڵەکردندا لەگەڵ دامەزراوەکانی سوریادا بۆ ماوەی شەش مانگ. دوای ئەوەش لە مانگی دوانزەدا دیبلۆماتکارانی باڵای ئەمەریکا سەردانی دیمەشقییان کرد.

بەڵام ئەمەریکا هێشتا گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامی وەکو لایەنێکی تیرۆریستی ناودەبات، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە گروپەکە لە ساڵی 2016 ەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلقاعیدەدا پچڕاندووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012 دا کارەکانی ڕاگرت.

شەرع وتی ناساندنی گروپەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی " ئێستا بێ مانا " بووە چونکە سەرجەم ئەو گروپە چەکدارییانەی کە شەڕییان دژی ئەسەد کردووە هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەمەریکا دەیەیەک لەمەوبەر هێزی ڕەوانەی سوریا کرد بە مەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی ڕێکخراوی داعش. هێشتا لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بوونییان هەیە و پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی هاوپەیمانی ئەمەریکا دەکەن.

شەرع وتی " لەگەڵ بوونی دەوڵەتێکی نوێی سوریادا، باوەڕم وایە هەر بوونێکی سەربازیی نایاسایی نابێت بەردەوام بێت. هەر بوونێکی سەربازیی لە وڵاتێکی خاوەن سەروەردا دەبێت لە ڕێی ڕێککەوتنێکی دیاریکراوەوە بێت، ئەو جۆرە ڕێککەوتنەش لەگەڵ ئەمەریکادا نەبووە."

وتیشی بەڕێوبەرایەتییەکەی " هەڵسەنگاندن دەکەنەوە بە بوونی هێزەکانی ڕووسیادا لە سوریا."

ڕووسیا دوو بنکەی سەربازیی دەریایی و ئاسمانی لە سوریادا هەیە و هەوڵی ئەوە دەدات بیانپارێزێت، هەفتەی ڕابردووداش مۆسکۆ بەرپرسێکی باڵای ڕەوانەی دیمەشق کرد.

شەرع وتی " ڕەنگە ڕێکبکەوین لەگەڵییاندا و ڕەنگە ڕێکنەکەوین، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت، هەر بوونێکی سەربازیی دەبێت بەپێی ڕێککەوتن بێت لەگەڵ وڵاتی میوانداردا."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە، شەرع وتی " ئێمە ئاشتیمان دەوێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا "، بەڵام ئەوە پرسێکی هەستیارە بەهۆی جەنگەکانی ناوچەکە و " داگیرکارییەکانی ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان " کە لە جەنگی ساڵی 1967 دا لە ژێر دەستی سوریادا دەریهێنا.

وتی " کاری پێشینەی زۆرممان لەبەردەمدایە، لەبەرئەوە هێشتا زۆر زووە باس لەو جۆرە بابەتە بکەین چونکە پێویستی بە بۆچوونێکی بەرفراوانی گشتی هەیە. هەروەها پێویستیشی بە پڕۆسە و یاسایەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت، لە ڕاستیشدا تاوەکو ئێستا بیرمان لەوە نەکردووەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG