بەڵگەنامەیەکی حکومی ڕوسیا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە دەریدەخات بەرپرسانی سوریا ڕازیبوون بە پێدانی خاکی زیاتر بە ڕوسیا تاوەکو ڕوسیا بتوانێت بنکەی سەربازی ئاسمانی حەمیمیم فراوانتر بکات.
ڕێکەوتنەکە کە نوێنەرانی هەردوو وڵات لە 21 ی مانگی حەوتدا واژۆیان کردووە و لە 30 ی هەمان مانگدا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پەیوەستە بە ناوچەیەکی وشکاوی و ئاوییەوە لە نزیک پارێزگای لازقییەی باکووری سوریا کە لەوێ بنکەی سەربازی حەمیمیمی لێیە و کە لەژیر دەستی ڕوسیادایە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە دەڵێت ئەو خاکانە بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی " ناوەندی چارەسەری تەندروستی " و بۆ خزمەتکردنی ستافەکانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا دەبێت.
دەشڵێت ئەو خاکانە بۆ ماوەیەکی کاتی و بەبێ بەرامبەر دەدرێت بە ڕوسیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز