Accessibility links

وڵاتانی عەرەبی داوا دەکەن کاربکرێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان


وڵاتانی عەرەبی لەمیانەی کۆبوونەوە ئابوورییەکەی بەیروتدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان.

کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نزیکەی 5 ملیۆن سوری هێشتا لە وڵاتانی دراوسێی سوریان ، لوبنان و عێراق و سوریا و ئەردەن و میسڕ، ئاماژەشی بەوەدا گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە هێشتا پارێزراو نیە.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی سوریاوە زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی هەڵهاتن بۆ لوبنان.

بەرپرسانی لوبنانی داوایان لە پەنابەران کرد بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان دوای ئەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بە یارمەتی ڕوسیا و ئێران توانی زۆربەی خاکی سوریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل لەمیانەی خوێندنەوەی بەیاننامەیەکدا کە لە کۆبوونەوەکەدا لەسەری کۆک بوون وتی " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک دابنێ بۆ کارەساتی پەنابەران و هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی."

بەیاننامەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات " هەوڵە نێودەوڵەتیە بە کۆمەڵەکان دوو هێندە بکەن بۆ ڕەخساندنی بارودۆخێکی پارێزراو بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان کە ئەو بارودۆخە بگونجێت لەگەڵ شەرعییەتی نێودەوڵەتی و ڕێز لە سەروەری ئەو وڵاتانە بگرێت کە پەنابەرەکانیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان."

جێی ئاماژەیە کۆمەڵەی حیزبوڵای لوبنانی و هاوپەیمانە سیاسییەکانیان داوا دەکەن لوبنان لە سوریا نزیک ببێتەوە. سیاسەتمەدارەکانی دیکەی ناو لوبنان دژایەتی ئەمە دەکەن و سوورن لەسەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی گەڕانەوەی پەنابەرەکان بکات.

سەرۆکی لوبنان میشێل عەون کە هاوپەیمانی سیاسیی حیزبوڵایە داوای گەڕانەوەیەکی پارێزراوی کرد بۆ پەنابەران.

عەون وتی " لەم مینبەرەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ گەڕانەوەیەکی پارێرزاوی پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان و بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە شەڕیان تێدا نیە و بە ئاسانی دەتوانیت بیگەیتێ، ئەمەش بەبێ ئەوەی ئەوە ببەستیتەوە بە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هۆکارێک بدرێتە پەنابەران تاوەکو هان بدرێن بگەڕێنەوە و بەشداربن لە دووبارە بنیادنانەوەی وڵاتەکەیاندا و بە ئارامی تیایدا بژین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG