Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە هێرشی ئاسمانی کردبێتە سەر مزگەوتێک لە سوریا


لەشکری ئەمەریکا پەیمانی داوە لێکۆڵینەوە بکات سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی دەڵێن بە هێرشێکی ئاسمانی لە باکوری سوریا کە ئامانجی ئەندامانی قاعیدە بووە خەڵکی سیڤیل کوژرابن.

وتەبێژی فەرماندەیەتی ناوەندی ئەمەریکا کۆلۆنێل جۆن تۆماس ئەمڕۆ هەینی ڕەتیکردەوە هێرشە ئاسمانییەکە ئامانجی مزگەوتێک بووبێت کە وەکو ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەهۆیەوە زیاتر لە 42 کەسی سیڤیل کوژراون.

کۆلۆنێل جۆن تۆماس وتی" مزگەوتمان نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو شوێنی کۆبوونەوەیەک بوو کە نزیکەی 15 مەتر لە مزگەوتێکەوە دورە و مزگەوتەکە هێشتا وەکو خۆی ماوەتەوە. بەڵام لێکۆڵینەوە دەکرێت هەتا بزانرێت ئایا خەڵکی سیڤیل بوونەتە قوربانی."

پێشتر ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر مزگەوتێک لە گوندێکی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن لە باکوری سوریا و لە ئاکامدا دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

ڕامی عەبدول ڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەکە بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی وت چەند فڕۆکەیەک شەوی پێنجشەممە هێرشەکەیان ئەنجامدا و نازانرێت هی چ لایەنێکن. وتی لە کاتی نوێژی خەوتناندا مزگەوتێکی گوندی ئەلجینەیان کردە ئامانج کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری حەلەبەوە دورە. لە ئاکامدا زیاتر لە 42 کەس کوژران و 100 کەسیش برینداربوون.

باسی لەوەش کرد شیانی هەیە ژمارەی قوربانییەکان زیادبکات چونکە هێشتا دەیان کەس بێ سەروشوێنن. وتیشی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرهێنانەوەی تەرم و ئەوانەی بە زیندوویی لە ژێر داروپەردوی مزگەوتەکە ماونەتەوە. تیمەکانی فریاگوزاری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بەو کارە هەڵدەستن.

لە 30 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە ئاگربەستێک لە سوریا چۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە بە سەرپەرشتی ڕووسیا و تورکیا، بەڵام ئەم ئاگربەستە داعش و بەرەی فەتح ئەلشام ناگرێتەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG