Accessibility links

سوریا ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ڕەت دەکاتەوە


سوریا ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ڕەت کردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەدراوە " کۆمەڵێک هۆکاری هەیە تاوەکو باوەڕ بەوە بکات " سێ ساڵ لەمەوبەر هێزی ئاسمانی سوریا بۆمبی گازی کلۆری بەسەر گەڕەکێکی ناوچەی ئیدلبی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆسیۆندا ڕشتووە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕاپۆرتەکە لە کۆمەڵێک دەرەنجامی ساختەوە سەرچاوەی کێشاوە و ئابڕووچوونێکی دیکەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییە. کۆماری عەرەبی سوریا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ڕاپۆرتەکە دەکات و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکاتەوە، بە تەواوەتی ڕەتی دەکاتەوە گازی ژەهراوی لە شارۆچکەی سەراقب یاخود لە هەر شار و گوندێکی سوریی دیکە بەکارهێنابێت."

سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕەت دەکەنەوە لە جەنگی ناوخۆی سوریادا و دەڵێن ئۆپۆزسیۆن ئەمجۆرە هێرشانە ئەنجام دەدات تاوەکو دیمەشق وەکو تاوانبار دەرخات.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و یەکەی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوەکە ئامادەی کردووە هاتووە دەڵێت لە هێرشەکەی مانگی دووی ساڵی 2018 دا کەس نەکوژراوە بەڵام 12 کەس لەوانەی چارەسەرییان بۆ کراوە کۆمەڵێک نیشانەیان لێدەرکەوتووە کە نیشانەی ژەهراویبوونە بە گازی کیمیایی.

وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئیخبارییەدا وتی " لە سوریا نە لەڕووی ئەخلاق و نە لەڕووی زانستیشەوە بڕوامان بە بەکار‌هێنانی چەکی کۆمەڵکوژ نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG