Accessibility links

سوریا دەڵێت لەنزیک شاری لازقییە بەرپەرچی هێرشێکی ئیسڕائیلی داوەتەوە


سوپای سوریا وتی بەرگری ئاسمانی ولاتەکە کۆمەڵێک موشەکی ئیسڕائیلی خستۆتەخوارەوە لەنزیک شاری لازقییە، ئەمەش لە هێرشێکی دەگمەندا بۆ سەر ناوچەیەکی باوباپیرانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و نزیک لە بنکەیەکی ئاسمانی ڕوسیەوە.

سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە ئاسمانییەکان کۆمەڵێک ناوچەیان بەدرێژایی کەناراوەکانی باشووری ڕۆژئاوای لازقییە کردۆتە ئامانج. سوپا وتیشی لە یەکێک لە هێرشەکاندا کە کارگەیەکی پلاستیکی کردۆتە ئامانج لە لازقییە هاوڵاتیەکی مەدەنی کوژراوە و شەش کەسی دیکە برینداربوون.

هەروەها وتیشی " بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەمان بەرپەرچی موشەکەکانی داوەتەوە و هەندێکیانی خستۆتەخوارەوە."

دەزگاکانی ڕاگەیاند لە ماوەی رابردوودا ئاماژەیان بەوەدا هێرشە ئیسڕائیلییەکە شارۆچکەی حەفەی ڕۆژهەڵاتی لازقییە و مسیافی لە پارێزگای حەماش کردۆتە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکانی سوریا، بەڵام بە دەگمەن هێرشی کردۆتە سەر لازقییە کە نزیکە لە بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی ڕوسیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG