Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە دوو هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا 12 کەس لە کەمپی ئەلهۆل کوژراون


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە لە 15 ڕۆژی یەکەمی مانگی 1 دا 12 سوریایی و عێراقی لە کەمپی پەنابەرانی ئەلهۆل، کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون. ئەو کەمپە پەنابەران و خێزانەکانی چەکدارانی داعشی تێدا دەژین.

یەنس لێرک گوتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " داوا لەو دەسەڵاتدارانە دەکەین کە کۆنترۆڵی ئاسایشی کەمپەکە دەکەن، سەلامەتی دانیشتوانی کەمپەکەو کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بپارێزن."

ئەو گوتیشی " هەمو گەیاندنی کەلوپەلی پێویست دەکەوێتە مەترسییەوە کاتێک ئاستی ئاسایش بەرزدەبێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا دەیبینین." ئەو کمپەی کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە 62 هەزار کەسی لە چەندین وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە لەخۆدەگرێت.

لەو کاتەوەی داعش لە مانگی 3 ی ساڵی 2019 شکستی پێهێندرا، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات، بە بەردەوامی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان ( ژن و منداڵەکانی داعش) کە لەو کەمپەدان بگێڕنەوە.

بەڵام زۆربەی وڵاتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ئەوروپا، ئامادە نەبوون ئەو هاووڵاتیانەیان وەربگرنەوە.هەندێک لەو وڵاتانە لە ناویاندا فەرەنسا، ژمارەیەکی سنورداری هاووڵاتیانی وەرگرتۆتەوە.

XS
SM
MD
LG