Accessibility links

دەزگای هەواڵی سوریا دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە سێ کەس کوژراون


دەزگای هەواڵی سوریا دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ئیسڕائیلەوە سێ سەربازی سوری کوژراون و سێ سەربازی دیکە برینداربوون.

دەزگاکە گوتیشی هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا ڕووبەڕووی " هێرشێکی ئیسڕائیل بۆتەوە کە ویستوویەتی کۆمەڵێک ئامانج لە دەوروبەری پارێزگای تەڕتوسی سوریا بپێکێت."

گوتیشی هێزەکانی سوریا لە هەمان کاتیشدا بەسەر چیای قالاموونی سەر سنووری لوبنانەوە ڕووبەڕووی " ئامانجە دوژمنکارەکان " بوونەتەوە.

سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئیسڕائیل لە یەک کاتدا دوو هێرشی ئەنجامداوە، یەکێکیان هێرشێکی موشەکی بووە بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک لە دیمەشقی پایتەختەوە، هێرشەکەش بە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدراوە.

گوتیشی هێرشەکەی دیکە لە دەریاوە ئەنجامدراوە و ئامانج لێی کۆمەڵێک خاڵ بووە لە باشووری تەڕتوس، بەڵام " هەندێک زیانی ماددی هەبووە."

دەزگای هەواڵی سانای سوریا گوتی ئەو ئاگرانەی کە بەهۆی هێرشەکانەوە کەوتوونەتەوە کۆنتڕۆڵکراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئاگرکەوتنەوەکان بەدیاریکراوی لەکوێ ڕوویانداوە.

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل چەند ساڵێکە هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە سوریا، تاران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا وەکو پشتیوانییەک بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هێزی ڕەوانەی سوریا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG