Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: چەکدارانی داعش لە گوندەکانی باشوری حەسەکە هەڵدێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت چەکدارانی داعش لە گوندەکانی باشوری پارێزگای حەسەکە هەڵدێن و دەکشێنەوە پاش ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەلدەشیشە وەدەریاننان.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئەم زانیاریـیەی لە سەرچاوەی بڕواپـێکراوەوە پـێگەیشتووە کە داعش وا لەو گوندانە هەڵدێت پاش ئەوەی دوێنێ شەو هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی ئەمەریکایی و فەڕەنسایی و ئیتالی و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕۆژئاوایی توانیان شارۆچکەی ئەلدەشیشە کۆنترۆڵبکەن کە نزیکەی 7 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان سوریا و عێراقەوە دورە.

بەمەش تەنیا سێ گوندی پارێزگای حەسەکە بە دەست داعشەوە دەمێننەوە و ئەگەربێت و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو سێ گوندەش ئازادبکەن، ئەوا تەواوی ئەو پارێزگایەی ڕۆژهەڵاتی سوریا لە داعش ڕزگاردەکرێت.

کۆمەڵەکە باس لەوەش دەکات بە لایەنی کەم 82 چەکداری داعش لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو لە پارێزگای حەسەکە کوژراون. لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوچەکە لە بۆمبە چێنراوەکانی داعش پاکدەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG