Accessibility links

ڕوانگە: لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی داعشدا لە سوریا 18 کەس کوژران


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند دوو خۆکوژی سەر بە ڕێکخراوی داعش بەهۆی تەقاندنەوەی ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکانەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەلایەنی کەمەوە 18 کەسیان کوشت.

وتیشی هێرشەکە لە ئەبو فاس ئەنجامدراوە کە دەکەوێتە نزیک سنووری نێوان هەردوو پارێزگای دەیر ئەلزور و حەسەکەوە و لەنێو قوربانییەکاندا پەنابەری تێدایە کە بەهۆی شەڕی ناو دەیر ئەلزورەوە پارێزگاکەیان بەجێ ‌هێشتبوو و هەروەها ئەندامانی هێزی ئاسایشی کوردەکانیشی تێدابووە.

ڕێکخراوی داعش لەمساڵدا خاکێکی زۆری لەدەستداوە لە سوریا و عێراقدا و بەرەو شارۆچکە و گوندەکانی ڕووباری فورات دەڕوات کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی دەیر ئەلزورەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوورەوە هێرشەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ سەر ڕێکخراوی داعش لەکاتێکدا سوپای سوریا بە پشتیوانی ئێران و ڕوسیا لە ڕۆژئاواوە هێرش دەکەنە سەر ڕێکخراوەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG