Accessibility links

بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی هێرشێکی موشەکی دەداتەوە


دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوریا وتی فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی نزیک حومس ڕووبەڕووی هێرشێکی موشەکی بۆتەوە بەڵام بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە.

دەزگای هەواڵی عەرەبییەی سوریا وتی " یەکێک لە فڕۆکەخانە سەربازییەکانمان لە ناوچەیەک ڕووبەڕووی هێرشێکی موشەکی بۆتەوە و بەرگری ئاسمانیمان بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە و ڕێگەی پێنەداوە ئامانجەکەی بپێکێت."

دەزگاکە پیشتر هەواڵی بیستنی تەقینەوەیەکی بڵاوکردبۆوە لە نزیک فڕۆکەخانەی زەبعە کە 20 کیلۆمەتر دوورە لە باشووری ڕۆژئاوای شاری حومسەوە و 10 کیلۆمەتر دوورە لە سنووری لوبنانەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا ئاماژەیان بە سەرچاوەی هێرشە موشەکییەکە نەداوە.

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل پێشتر لە میانەی جەنگدا لە کۆمەڵێک ئامانجی داوە لە سوریادا و سوپای سوریا و حیزبوڵا و ئەو شوێنانەی کردۆتە ئامانج کە دەڵێت لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت. ئیسڕائیل دەترسێت ئێران و حیزبووڵا سوریا بکەنە موڵگەیەکی نوێ لەدژی ئیسڕائیل.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هێزەکانی حیزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە فڕۆکەخانەی زەبعەی سەربازیدا بوونیان هەیە.

کۆلۆنێڵ کۆنی ڤۆڵکنەری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کاتێک سەبارەت بە ڕاپۆرتی هێرشەکە پرسیاری لێکرا وتی هاوپەیمانێتی دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە و هاوپەیمانێتییەکە هێرش ناکاتە سەر شوێنەکانی حکومەتی سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG