ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوەوە کە ڕێکخراوی داعش لە بادییەی ناوەڕاستی سوریا چاندوونی لانی کەم 7 کەس لە هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارانی سەر بە ڕژێمی سوریا کوژران.
دوو ساڵ دوای ئەوەی سەرجەم ناوچەکانی لەدەستدا، ڕێکخراوی داعش لە بادییەی ناوەڕاستی پارێزگای حومس و دەیرئەلزوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوونیان ماوە و چەکدارەکانی لە ناوچە شاخاوییەکاندا ماونەتەوە.
ڕوانگەی سوریا وتی " لە ئاکامی تەقینەوەی لانی کەم دوو بۆمبی چێندراودا کە ڕێکخراوی داعش چاندبوونی حەوت کەسی هێزەکانی ڕژێم و چەکدارانی سەر بە ڕژێم کوژراون و 18 کەسی دیکە برینداربوون، ئەوەش لەکاتێکدا بووە هێزێکی سەربازی ویستوویەتی بە ناوچەی سەخنەی حومسی ڕۆژهەڵاتدا بپەڕێتەوە."
لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعشدا بۆ سەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا، بادییە بۆتە شوێنی شەڕ و پێکدادانەکان و ڕوسیاش وەکو پشتیوانیەک بۆ هێزەکانی سوریا بە بەردەوامی بۆردومانی شوێنەکانی چەکدارانی داعش دەکات.
بەپێی ڕوانگە لە مانگی سێی ساڵی 2019 ەوە زیاتر لە 1400 کەسی هێزەکانی ڕژێم و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێم و زیاتر لە 930 جیهادی لە شەڕ و پێکدادانەکانی بادییەدا کوژراون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس