Accessibility links

بەرپرسێکی نێودەوڵەتی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات بیر لە وەستاندنی شەڕ بکەنەوە لە غوتە


ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا وتی پێویستە لەسەر ئەنجومەنی ئاسایش بڕوای بە پێویستی وەستاندنی شەڕ بێت لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات، کە تا ئێستا نزیکەی 370 کەس لەوێ بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون.

ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا بانۆس مۆمتزیس وتی " دوای هەموو ئەو وێنانەی کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە دەرەوە، ئەگەر ئەمە باوەڕ بە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتان نەهێنێت کە دەبێت شەڕ بوەستێت کەواتە بەڕاستی ئێمە نازانین چی باوەڕیان پێدەهێنێت."

وتیشی " وادیارە کە کەس گوێ ناگرێت. هیچ کاردانەوەیەک نیە. هیچ هێزێکی سیاسیی و توانایەک نیە کاریگەری هەبێت یاخوود بتوانێت ئەو هێرشە توندانە ڕابگرێت کە کاری کردۆتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی."

ئاماژەشی بەوەدا نەتەوە یەکگرتووکان بۆ ساڵی 2018 پێویستی بە 3.5 ملیۆن دۆلار هەیە بەڵام پلانەکەی هەتا ئێستا تەنها لە سەدا پێنجی ئەو پارە داواکراوەی بەدەست گەیشتووە.

وتیشی نزیکەی 390 هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەترسن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئاو و کارەبا و خۆراک نەماون. هەروەها وتیشی نزیکەی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی ناوچەی حەرسەتا لە ژێرزەمینەکاندا دەژین.

وتیشی نیوەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە منداڵن.

مۆمتزیس وتی حکومەتی سوریا لە ساڵی 2013 ەوە گەمارۆی جیبی داوە بەڵام لەمساڵدا هێرشەکانی بەشێوەیەک چڕکردۆتەوە کە هێرشە ئاسمانییە یەک لەدوایی یەکەکان تەنها چەند خولەکێکیان لەنێواندایە.

وتیشی ئەگەر ئاگربەست هەبوایە ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکان دەیتوانی یارمەتیە خۆراکی و پزیشکییەکان بگەیەنێت کە تەنها چەند خولەکێک دوورن، هەروەها دەشیتوانی بریندارەکان و نەخۆشەکان دەربکات بەڵام حکومەتی سوریا هێشتا کاری پێویستی بۆ ئەوە نەکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG