Accessibility links

ئەسەد دەڵێت گەڕانەوەی پەنابەران ئەرکی سەرەکی قۆناغی دواترە


سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا وتی گەڕانەوەی پەنابەران کە بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریاوە ئاوارەبوون ئەرکی " سەرەکیە " لە قۆناغی دواتردا، ئەوەش پێش دوو ڕۆژ لەو کۆنگرەیەی کە دیمەشق بە پشتیوانی مۆسکۆ میوانداری دەکات و تیایدا تاوتوێی گەڕانەوەی پەنابەران دەکرێت.

ئەسەد لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەیدا لەگەڵ پوتن ئاماژەی بەوەداوە بابەتی پەنابەران " ئەرکی سەرەکیە لە قۆناغی دواتردا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی گەورەی خاکی سوریا ئازادکراون و شەڕ و پێکدادانەکان کەمتر بوونەتەوە، سەرەڕای بەردەوامبوونی تیرۆر."

ڕۆژی پێنجشەممە سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا کۆنگرەیەک دەبەستێت سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەزانراوە ئەو لایەنانەی بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن کێن. بەڵام لوبنانی دراوسێی سوریا کە میوانداری نزیکەی ملیۆن و نیوێک پەنابەر دەکات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەوانەی کۆنگرەکە دەکات.

هەروەها ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە سوریا عومران ڕەزا وەکو " چاودێر " ئامادەی کۆنگرەکە دەبێت.

ئەسەد ئەوەشی خستەڕوو " بەربەستی گەورەی " بەردەم گەڕانەوەی پەنابەران " جگە لە بوونی تیرۆر لە هەندێک ناوچە، گەمارۆکانی سەر سوریایە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو سزایانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا سەپاندوویانە بەسەر وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG