Accessibility links

سەرچاوەکان: هێرشی ئاسمانی دژی ڕێکخراوی داعش لە باشووری سوریا


کۆمەڵێک سەرچاوەی سیاسی و سەرچاوەی دیکەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتیان فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و سوریا بە چری بۆردومانی شوێنێکی ڕێکخراوی داعشیان کردووە لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا لەسەر سنووری ئەردەن و ئیسڕائیل.

سەرچاوەکان وتیشیان هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوی داعش لە یەرموک لەسەر سنووری نێوان ئەردەن و بەرزاییەکانی گۆلان بەرپەرچی هێرشێکی پیادەی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی داوەتەوە.

جێی ئاماژەیە ئەو شوێنە کشتوکاڵییە ئێستا بۆتە شوێنی شەڕی سەرەکی لە ناوچەیەکی سنووری هەستیاردا، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا توانیان خاکێکی زۆری باشووری ڕۆژئاوای سوریا کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و شکست بە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بهێنن.

سوپای سوریا وتی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپا بۆ سەر چەکدارانی داعش لە یەرموک کە کۆتا شوێنە لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعشدا مابێت، بۆتە هۆی کوژرانی دەیان تیرۆریست.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری بە ڕۆیتەرزی وت نزیکەی 1000 بۆ 1500 چەکداری ڕێکخراوی داعش لەو ناوچانەدا ماون سەرەڕای هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکان کە ماوەی 10 ڕۆژە بەردەوامن و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی و گیانی لەو ناوچانەدا.

سەرچاوەیەکی دیکە کە ئاگاداری ڕەوشەکەیە ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی بیست کاتژمێری ڕابردوودا چەکدارانی ڕێکخراوی داعش توانیویانە بەلایەنی کەمەوە 18 گوند کۆنتڕۆڵ بکەنەوە ، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ئەو گوندانەیان چۆڵکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG